ئۆکرانیا: لە ماوەی 24 کاتژمێردا زیاتر لە 260 سەربازی رووسیامان کوشت

K24 - هەولێر

یەکێک لە فەرماندە باڵاکانی سەربازی ئۆکرانیا رایگەیاند، هێزەکانی وڵاتەکەی لە باشووری وڵاتەکەی، ژمارەیەکی زۆری سەربازانی سوپای رووسیایان کوشتووە.

فەرماندەی بەرەی باشووری ئۆکرانیا، جەنەڕاڵ ئۆلێکساندر تارنافسکی لە پلاتفۆڕمی تێلێگرامدا رایگەیاند، "پێشکەوتنیان لە کەرتی تاڤریادا بەدەستهێناوە".

تارناڤسکی ئاماژەی بەوەشکردووە، هێزەکانیان "لەماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا هەزار و 198 ئەرکیان ئەنجامداوە"، هەروەها هێزەکانی رووسیا زیانی زۆریان پێگەیشتووە، کە 261 سەربازیان کوژراوە و 10 سەربازی دیکەش دەستگیرکراون".

لەلایەکی دیکەوە، سەرۆکی ئۆکرانیا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، رۆژی سێشەممە، سەردانی ئەو هێزانەی کرد کە لە باکووری رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە شەڕ دەکەن، لەگەڵ فەرماندەکانیش کۆبووەوە بۆ تاوتوێکردنی دۆخی بەرەکانی شەڕ.

سەرۆکی ئۆکرانیا لەسەر پلاتفۆرمی  X دا گوتی: لەگەڵ فەرماندەکانی لیوا و کەتیبە کۆبووینەوە بۆ تاوتوێکردنی دۆخی بەرەکانی شەڕ و پرسە هەستیارەکان و پێداویستییەکان.

رووسیا لە مانگی شوباتی 2022دا هێرشی کردە سەر ئۆکرانیا و دەستی بەسەر چەندین ناوچەی ئەو وڵاتەدا گرت و بەدەیان هەزار سەرباز لە هەردوولا کوژراون.