چاودێرێکی سیاسی: لایەنە عێراقییەکان دەیانەوێت بە دروستکردنی حەشدی کوردی هەستی نەتەوەیی نەهێڵن

"دروستکردنی حەشدی کوردی سەرکەوتوو نابێت"

K24 - هەولێر:

چاودێری سیاسی، دروستکردنی حەشدی کوردی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بە هەوڵێكی لایەنە دەسەڵاتدارە عێراقییەکان دەزانێت بۆ نەهێشتنی هەستی نەتەوەیی لەنێو تاکی کورد دا.

مەسعوود مەلا پەروێز، چاودێری سیاسی بە كوردستان24ی راگەیاند، پێكھێنانی حەشدی كوردی لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، نیشانەی بوونی ناكۆكیە لە سیاسەتی حکومەتی عێراقدا. 

دروستکردنی حەشدی کوردی لە ناوچە کوردییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لەکاتێکدایە، لیوای 20ـی هاوبەش بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییە ئەمنییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق پێکهێنراوە، بەڵام ئەو لیوایە تا ئێستا دەستبەکار نەبووە.

ئەو چاودێرە سیاسییە دەشڵێت، پێویستە حكومەتی عێراق رێگری لەم كارە بكات و لەبری ئەوەی دەبێت ئەركی ھەلی كار بۆ دانیشتووانی ئەو ناوچانە بڕەخسێنێت.

مەسعوود مەلا پەروێز روونیکردەوە، بەشێك لە پارتە پێكهێنەرەکانی حکومەتی عێراق، بێکاری و نەهامەتیی ناوچە جێ‌ناکۆکەکانیان قۆستووەتەوە، بۆئەوەی بە دروستکردنی حەشدی کوردی، هەستی نەتەوایەتی لەو شوێنانە نەهڵێن، ئەمەش پلانێکی دەوڵەتی عێراق و وڵاتانی دراوسێیە، بۆ ئابڵوقەدانی قەوارەی هەرێمی کوردستان.

وەک ئەو چاودێرە سیاسییە ئاماژەی پێدا، دروستکردنی حەشدی کوردی سەرکەوتوو نابێت، چونکە حکومەتەکانی پێشووتریش هەوڵی هاوشێوەیان هەبووە و هەموویان شکستیان هێناوە.

مەسعوود مەلا پەروێز راشیگەیاند، زۆر ئەستەمە خەڵکی کەرکووک جارێکی دیکە لەبەرانبەر ئیرادەی حکومەتی عێراقدا خۆیان بدەن بەدەستەوە.

سەبارەت بە دۆخی کەرکووک، ئەو چاودێرە سیاسییە باسی لەوەکرد، خۆپیشاندەکانی رەحیماوا پێی گوتین، ئەم شارە شارێکی کوردستانییە و داوای پێکەوەژیان دەکات، نەک بەزۆرسەپاندنی ئیرادەی لایەنێک بەسەر ئەوی دیکەدا.

ئامانج لە دروستکردنی حەشدی کوردی لە ناوچەکانی شنگال، مووسڵ، کەرکووک و خوورماتوو رێگریکردنە لە گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانە، تا ئێستاش نزیکەی پێنج هەزار کەس بۆ چوونە ریزەکانی نێو حەشدی کوردییەوە خۆیان ناونووس کردووە.

Fly Erbil Advertisment