بە تاوانی رفاندن و ئەشکەنجەدانی خەڵکی؛ سێ پاکستانی لە عێراق سزای 10 ساڵ زیندانیکردنیان بەسەردا دەسەپێندرێت
K24 - هەولێر:
دادگای تاوانەکانی ناوەندی لە سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی بەغدا بەتاوانی رفاندن و ئەشکەنجەدانی هاووڵاتی پاکستانی، سزای 10 ساڵ زیندانیکردنی بەسەر سێ پاکستانیدا سەپاند.
ئەمڕۆ چوارشەممە (4ـی ئۆکتۆبەری 2023) ناوەندی راگەیاندنی ئەنجومەنی باڵای دادوەری سەبارەت بەو کەیسە رایگەیاند، ئەو سێ کەسە دانیان بەوەدا ناوە کە هاووڵاتی پاکستانیان رفاندووە و ئەشکەنجەیان داوە.
ئاماژە بەوەشدراوە، ئەو سێ کەسە ڤیدیۆی ئەشکەنجەدانی هاووڵاتییە پاکستانییەکانیان گرتووە و بۆ کەسوکاری رفێنراوەکانیان ناردووە تا لە بەرانبەر پێدانی بڕێك پارە، ئازادیان بکەن.
ناوەندی راگەیاندنی ئەنجومەنی باڵای دادوەری راشیگەیاند، ئەو سزایەی بەسەریان دا سەپێنراوە بەپێی ماددە 1 لە یاسایی بازرگانیکردن بە مرۆڤ ژمارەی 28ـی ساڵی 2012 لە یاسایی سزادانی عێراقی، دەرکراوە.
لەلایەکی دیکەوە، هەفتەی رابردوو، وەزارەتی دادی عێراق واژۆکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن و رێککەوتنی لەگەڵ چەند وڵاتێک لەسەر دۆسیەی هاوکاری دادوەری و گواستنەوە و ئاڵوگۆڕی زیندانیان ئاشکرا کرد.
لەوبارەیەوە، کامیل ئەمین، گوتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق رایگەیاند: "گواستنەوەی زیندانییەکان بەپێی رێککەوتنە دوو قۆڵییەکان بەردەوامە و سنووردارە و ئەو کەسانە ناگرێتەوە کە بە تاوانی کاریگەر لەسەر ئاسایشی وڵات سزا دراون".