لێدوانی هەندێک سەرکردە مشتومڕ لە نێوان شیعە و سوونە دروست دەکات

حەیدەر عەبادی و محەمەد حەلبوسی
حەیدەر عەبادی و محەمەد حەلبوسی

K24 – هەولێر

مشتومڕ لەنێوان شیعە و سوونە دروست بووە، بەهۆی ئەو لێدوانانەی کە هەفتەی رابردوو، لەلایەن حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراقەوە درابوون، هەروەها ناکۆکی لەناو هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەشدا لێکەوتەوە.

حەیدەرعەبادی رایگەیاند، ئەوەی ئێستا روودەدات زیاتر لە "فەرمانڕەوایی چەتەکان" دەچێت، چەند رۆژێک لەمەوبەریش لە لێدوانێکیدا گوتبووی: "ئەو رێککەوتنە سیاسییەی کە حکومەتی ئێستای بە سەرۆکایەتی محەممەد شیاع سوودانی لەسەر پێکهێنراوە، داوایەکی لەخۆگرتبوو کە "ئەندامانی داعش بە تاوانبار نەزانن"، بۆیە خۆی و هادی ئەمیری، سەرۆکی رێکخراوی بەدر، بەڵگەنامەی رێککەوتنەکەیان واژۆ نەکردووە".

هەر لەو چوارچێوەیەدا عەبادی بەرگری لە میلیشیا چەکدارەکان کرد و رەخنەی لە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران، هەیبەت حەلبوسی گرت و گوتی: "ئەو هێرش دەکاتە سەر ئەو میلیشیایانەی کە دوای شەڕی داعش گەڕاندویانەتەوە بۆ ماڵەکەی".

سەرەتا هێزە شیعەکانی ناو "چوارچێوەی هەماهەنگی" کە بریتین لە "هاوپەیمانی نەسر و دەوڵەتی یاسا و فەتح و عەسائیب ئەهلولحەق" و هێز و فراکسیۆنەکانی دیکە، ناڕەزایەتیان بەرامبەر بەو لێدوانانەی عەبادی دەربڕی ودەڵێن: ئەویش هەوڵدەدات لەگەڵ نزیکبوونەوەی دەستپێکردنی بانگەشەی پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنی ئەنجاومەنی پارێزگاکان، خۆی بێنێتەوە بەرباس.

هەیبەت حەلبوسی، نوێنەری پارتی تەقەدوم لە پەرلەمان، وەڵامێکی توندی عەبادی دایەوە و قسەکانی لە  تۆمەتبارکردن، گۆڕی بۆ گفتوگۆیەکی شیعە و سوننە، دوای ئەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە لە راگەیەندراوێکدا، هێرشی کردە سەر حەلبوسی و هەڕەشەی دادگاییکردنی لێکرد، بە تۆمەتی بە ئامانجگرتنی یەکێک لە سەرکردەکانیان.

هەیبەت حەلبوسی پەرلەمانتار لە لێدوانێکی تەلەفزیۆنیدا گوتبووی: "ئەو بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران شیاو نییە"، چونکە "هەموو لایەک لەبیریانە دوای کشانەوەی هێزە ئەمنییەکان لەو پارێزگایانە و کۆنترۆڵکردنی لەلایەن داعشەوە، خەڵک رووبەڕووی چی بوونەتەوە، دواتریش رێگریکردن لەو هاوڵاتییە مەدەنیانەی کە دەیانویست لەژێر کۆنترۆڵی ئەم رێکخراوەدا هەڵبێن"، کە مەبەستی پارێزگا سوننەکانە کە داعش کۆنترۆڵی کردبوون.

حەلبوسی دەشڵێت: "لەو ماوەیەدا سەرجەم دەرچەی دەرچوون بۆ خەڵکی مەدەنی بۆ بەغدا و پارێزگاکانی دیکە داخران، دەرچەی بزەیبز، گوندێکی سەر بە عامریەی فەلوجە لە پارێزگای ئەنبار، باشترین بەڵگەیە لەو کارەساتانەی کە ویژدانی مرۆڤایەتی دەهەژێنن، گوتیشی: باسی رفاندن و بێسەروشوێنکردنی هەزاران هاوڵاتی ئەو ناوچەیە ناکەم".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "هەڵوێستی عەبادی لەو کاتەدا پێویستی بەوە بوو کە لە رووی یاسایی و ئەخلاقییەوە بەرپرسیار بێت، بۆ ئەم ژمارە زۆرەی قوربانییەکان." گوتیشی: "ئەو نادادپەروەرییەی کە هاوڵاتیانی ئەو پارێزگایانە بە دەستی داعشەوە دەیانناڵاند، ئەمڕۆ فشار دەخاتە سەر هەموو ئەوانەی کە هەوڵ دەدەن ناوبانگیان لاواز بکەن و تۆمەتباریان بکەن بە تۆمەتی درۆ، بەبێ ئەوەی گرنگی بە لێدوانە هەڵە و درۆکان بدەن.

لە بەرامبەردا چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە وەڵامی هەیبەت حەلبوسی دایەوە و رایگەیاند، "چوارچێوەی هەماهەنگی" سەری سوڕماوە لە لێدوانە نادروستەکانی یەکێک لە نوێنەران لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا، کە تیایدا سووکایەتی بە کەسایەتی حەیدەر عەبادی دەکات، کە یەکێکە لە سەرکردەکانی "چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە".

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، "چوارچێوەکە ئەم زمانە بێڕێزیە بەرامبەر بە عەبادی رەتدەکاتەوە، هەروەها ئەو درۆیانەش رەتدەکاتەوە کە ئەو پەرلەمانتارە دەیکات، مافی خۆشیتی پەنا بۆ دەسەڵاتی دادوەری ببات بۆ راگرتنی ئەو جۆرە درۆیانە".

ئایەت موزەفەر، گوتەبێژی هاوپەیمانی نەسر لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، "هاوارەکەی ئەو هێندەی ئازارەکە ئازاربەخش بوو"، ئەو راستییانەی کە ئازاری خۆی و ئەوانی دیکە دەدات، کە داوای نیشتمانپەروەری دەکەن و بەرگری لە گەلەکەیان دەکەن، بە هەژمارکردنێکی سادە، بارودۆخەکە و سامانیان پێش و پاش داعش ئاشکرا دەبێت لەسەر حسابی خەڵکەکەمان لە ئەنبار."

گوتەبێژەکەی هاوپەیمانی نەسڕ، لێدوانەکەی حەلبوسی سەبارەت بە عەبادی و چوارچێوەی هەماهەنگی بە بانگەشەکردن و درۆکردن وەسف کردو گوتی: کئێمە بەتەواوەتی نکۆڵی لێدەکەین، عەبادیش مافی وەڵامدانەوەی یاسایی هەیە بۆ دادگاییکردنی حەلبووسی بەهۆی تۆمەتە هەڵەکانی.

لای خۆیەوە پارتی تەقەدوم، لە پەرلەمانی عێراق وەڵامێکی توندی حەیدەر عەبادی دایەوە لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، لە کاتێکدا هەوڵدەدەین ئاسایش و سەقامگیری لە وڵاتمان جێگیربکەین، پەیوەندی و یەکگرتوویی نێوان گەلەکەمان پتەوتر بکەین و هەموو جۆرەکانی توندڕەوی کە نامۆیە بە کۆمەڵگاکانمان و گرژییەکان دوور بخەینەوە، هەندێک کەس قسەی ناشرین و شەرمەزارکەر لە گۆڕەپانی سیاسی دەکەن هەوڵ دەدەن بەسەر راستییەکاندا باز بدەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، عێراقییەکان ئەو رۆژە تاریکانەی پارێزگا ئازادکراوەکانیان لەبیرە و یەکێک لە دیمەنە هەرە دیارەکانی پردی بزەیبز بوو، کە قەرەباڵغی منداڵ و ژن و بەساڵاچوو و هاووڵاتیانی ئاسایی چاوەروانی رەحمی خودا بوون، دوای ئەوەی فەرماندەی گشتی پێشووی هێزە چەکدارەکان، حەیدەر عەبادی فەرمانی رێگریکردنیان بۆ چوونە ناو بەغدا دەرکردبوو.

حەیدەر عەبادی لە ماوەی ساڵانی 2014 تاوەکو 2018 سەرکوەزیرانی عێراق بووە.

Fly Erbil Advertisment