شوان کەلاری: راستەوخۆ ناردنی مووچە لە وەزارەتی دارایی عێراقە بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نادەستوورییە
"غەدرێکی گەورە دەکەین ئەگەر بەمشێوازە مامەڵە لەگەڵ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بکەین"
K24 - هەولێر:
شوان کەلاری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە هەوڵی ژمارەیەک پەرلەمانتار بۆئەوەی وەزارەتی دارایی عێراق راستەوخۆ خۆی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابەش بکات، دەڵێت: ناکرێت لەپێناو بانگەشەی هەڵبژاردن، باسی شتێک بکەیت کە بنەمای نییە.
ژمارەیەک پەرلەمانتاری کورد و شیعە کۆمەڵێک واژۆیان کۆکردووەتەوە بۆئەوەی وەزارەتی دارایی عێراق راستەوخۆ مووچە بە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بدات.
شوان کەلاری، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق لەوبارەیەوە بە کوردستان24ـی راگەیاند: ئێمە وەک نوێنەرانی کورد لە بەغدا، غەدرێکی گەورە دەکەین ئەگەر بەمشێوازە مامەڵە لەگەڵ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بکەین.
وەک ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی پێدا، مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و لە 2014ـەوە بەرگەی دۆخێکی سەختیان گرتووە و ناکرێت لەپێناو بانگەشەی هەڵبژاردن، باسی شتێک بکەیت کە بنەمای نییە، گوتیشی: راستەوخۆ ناردنی مووچە لە وەزارەتی ناوخۆی عێراقەوە بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، نادەستوورییە.
بە گوتەی شوان کەلار، ئەو پەرلەمانتارانەی واژۆکانیان کۆکردووەتەوە، هەر ئەو کەسانەن کە نەیانهێشت حکومەتی فیدراڵ 400 ملیار دینار بە قەرز بداتە هەرێمی کوردستان و لەسەر ئەو بابەتە سکاڵایان تۆمار کرد، هەروەها هەمان ئەو کەسانەشن کە دژی ناردنی 700 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان سکاڵایان تۆمار کرد.
ئەو پەرلەمانتارە پێشنیازی کرد، لەبری ئەوەی بە بابەتی بێ بنەما و نادەستووری، سەرقاڵی بانگەشەی هەڵبژاردن بن، فراکسیۆنە کوردییەکان هەموو پێکەوە شەڕی ئەوە بکەن کە مووچەی هەموو فەرمانبەرانی عێراق لەسەر یەک پاکێج بێت، بۆئەوەی ئەو رۆژەی مووچەی فەرمانبەرانی بەغدا و بەسرە دابەش دەکرێت، هەمان رۆژ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بنێرێت.