هاوار محەمەد: ناکرێت هیچ کێشە و گرفتێکی دیکە تێکەڵ بەبابەتی هەڵبژاردن بکرێت

K24 - هەولێر

به‌رپرسی به‌شی یاسایی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی پارتی رایگەیاند، ناکرێت هیچ کێشە و گرفتێکی دیکە تێکەڵ بەبابەتی هەڵبژاردن بکرێت، هەروەها پێویست دەکات حکومەتی عێراق ئەرکی تێچووی هەڵبژاردنەکان لە ئەستۆ بگرێت.

هاوار محەمەد، به‌رپرسی به‌شی یاسایی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەکوردستان24ـی راگەیاند، ئێستا لە هەرێمی کوردستان بۆشایی یاسادانان هەیە، پەرلەمانیش ناتوانێت بە ئەرکەکانی خۆی هەڵستێت، هیوادارین هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا ئەنجام بدرێت. 

گوتیشی: خەرجی هەڵبژاردنەکان لە چوارچێوەی ئەو پشکە سیادییانە دایە کە لە ئەستۆی عێراقە، بۆیە پێویست دەکات حکومەتی عێراق ئەو ئەرکە لە ئەستۆ بگرێت، بەڵام پێم وانییە ئەوە کێشە بێت، چونکە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە روانگەی هەستکردن بە بەرپرسیارەتی، چەندین جار ئەوەی دووپات کردووەتەوە، ئەگەر هەر کێشەیەک لەرووی ئیداری و داراییەوە هەبێت، ئێمە دەتوانین کێشەکە چارەسەر بکەین، دەشڵێت: تاوەکو ئێستا حکومەتی عێراقی تێچووەکەی دەستنیشان نەکردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان، هەمیشە جەخت لەوە دەکەینەوە، کە ناکرێت هیچ کێشە و گرفتێکی دیکە تێکەڵ بەبابەتی هەڵبژاردن بکرێت، لەبەرئەوەی مافی خەڵکە، هەروەها  هەرێمی کوردستانیش لە قۆناغێکی هەستیاردایە بۆیە دەبێت هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکرێت.

باسی لەوەشکرد، لە ماوەی رابردوودا یەکێتی سکاڵایان لەسەر چەند خاڵێکی یاسایی هەڵبژاردن هەبوو، دەیانەوێت هەمواربکرێتەوە، بۆیە ئێستا دادگای ئیتیحادی عێراقی سەرقاڵی ئەوەیە کە لێکۆڵینەوە لەبابەتی دەستووری بوون یان دەستووری نەبوونی یاسایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکات، ئێستاش هەموومان چاوەڕی بڕیاری دادگا دەکەین.

رۆژی پێنجشەممە (3ـی ئابی 2023) سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مەرسومێکدا، رۆژی (25ـی شوباتی 2024) دیاریکرد، بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق سەرپەرشتی دەکات.

Fly Erbil Advertisment