لەسەر پشتڕاستکردنەوەی هەژمارە حکومییەکانی عێراق؛ ناوەندی راگەیاندنی دیجیتاڵی رەخنە لە پلاتفۆڕمی ئێکس دەگرێت

لۆگۆی تویتەر و ناوەندی راگەیاندنی دیجیتاڵی و هەردوو هێمای رەنگ خۆڵەمێشی و شینی پلاتفۆڕمی ئێکس کە تایبەتن بە پشراستکردنەوەی هەژمارەکان
لۆگۆی تویتەر و ناوەندی راگەیاندنی دیجیتاڵی و هەردوو هێمای رەنگ خۆڵەمێشی و شینی پلاتفۆڕمی ئێکس کە تایبەتن بە پشراستکردنەوەی هەژمارەکان

K24 - هەولێر:

ناوەندی راگەیاندنی دیجیتاڵی رەخنە لە رێکارەکانی پلاتفۆڕمی 'X' بۆ پشتراستکردنەوەی هەژمارە حکومەییەکان لە عێراق دەگرێت و دەڵێت: ئەو رێکارانە رەنگە لەگەڵ رەهەندە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی عێراق کێشە دروست بکات.

ئەو ناوەندە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، دوای چاودێریکردنی پرۆسەی پشتراستکردنەوەی هەژمارە حکومییەکان کە تایبەتن بە چەند کەسایەتییەکی عێراقی، بۆیان دەرکەوتووە، ئەو کەسانە لە بنەڕەتدا داواکارییان پێشکەش نەکردووە بۆ بەدەستهێنانی (هێمای رەنگی خۆڵەمێشی)، کە ئەمەش بەو واتەیە دێت، پرۆسەی پشتڕاستکردنەوەی هەژمارەکان بە رەنگی خۆڵەمێشی، پرۆسەیەکە ساختەکاری و فێڵکردنی تێدایە و مەبەست لێی دروستکردنی کێشە و نانەوەی ئاژاوە و گەیشتنە بە هەندێك ئامانجی دیاریکراو.

ناوەندی راگەیاندنی دیجیتاڵی داوای لە پلاتفۆڕمی 'X' (تویتەری پێشوو) کرد، پێداچوونەوە بە هەنگاوەکانی پەیوەست بە پرۆسەی پشتراستکردنەوەی هەژمارە حکومییەکاندا بکات لەرێگەی بەکارهێنانی تیمی مرۆییەوە، ئەمەش لەپێناو رێگریکردن لە بڵاوکردنەوەی هەواڵ و زانیاری ناڕاست و ساختە و دروستکردنی کێشە لە فەزای سیاسی و کۆمەڵایەتی عێراقدا.

ناوەندەکە هەروەها داوای لە لایەنی پەیوەندیدار لە حکومەتی عێراقی کرد، رێکارەکانی پێدانی ئیمەیڵ بە فەرمانبەران توندتر بکات و، هۆشداری بداتە فەرمانبەران لە بەکارهێنانی ئیمەیڵی حکومی بۆ بابەتی کەسی و تایبەتی دوور لە ئەرکە حکومییەکانیان.

شایەنی باسکردنە، پلاتفۆڕمی ئێکس (تویتەری پێشوو) دوای ململانێیەکی یاسایی لەنێوان ئیدارەی پلاتفۆڕمەکە و ئیلۆن مەسک لەسەر مامەڵەی کڕینی پلاتفۆڕمەکە، دواجار له‌ 27ـی ئۆكتۆبه‌ری 2022، ئیلۆن مه‌سك، دەوڵەمەندترین پیاوی جیهان ناچاربوو تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بە 44 ملیار دۆلار بکڕێتەوە‌، كه‌ مانگانه‌ زیاتر له‌ 450 ملیۆن به‌كارهێنه‌ری چالاكی هه‌یه‌.

مەسک لە دوای کڕینی ئێکس (تویتەری پێشوو)، گۆڕانکاری جۆراوجۆری لەنێو پلاتفۆڕمەکەدا ئەنجامداوە، لەوانە دوورخستنەوەی ژمارەیەکی زۆری کارمەند، پێدانی (هێما شینەکە) بە بەکارهێنەرانی ئێکس لەبەرانبەر بڕێك پارەی مانگانە، هەروەها گۆڕینی لۆگۆی تویتەر بۆ ماوەیەکی کاتی لە باڵندەوە بۆ سەگ.

هاوکات لە کۆتایی مانگی تەمموزی رابردوو، ئیلۆن مەسک، ملیاردێر و دامەزرێنەری هەردوو کۆمپانیای سپەیس ئێکس و تێسلا و خاوەنی تویتەر، ناو و لۆگۆی تویتەر گۆڕی بۆ ئێکس.