ئەمەریکا چەک و تەقەمەنی ئێرانی بۆ ئۆکرانیا دەنێرێت
K24 - هەولێر:
کوشکی سپی پشتڕاستیکردەوە کە بەشێک لەو چەکە ئێرانیانەی سوپای ئەمەریکا دەستیان بەسەرداگرتوون بۆ ئۆکرانیای دەنێرن.
لەوبارەیەوە کارین ژان پییەر، گوتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند، زیاتر لە یەک ملیۆن فیشەکی سوپای پاسداران لەلایەن فەرماندەیی هێزی ناوەندی ئەمەریکاوە دەستیان بەسەرداگیراوە و رادەستی سوپای ئۆکرانیا دەکرێن.
جەختی لەوەشکردەوە، ئەمەریکا پابەندە بە سنووردارکردنی ئەو چالاکییەکانی ئێران کە دەبنە هۆکاری ناسەقامگیری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
گوتەبێژی کۆشکی سپی گوتیشی: وەزارەتی بەرگری رایگەیاندووە کە ئیدارەی بایدن 1.1 ملیۆن فیشەکی چەکی بچووک بۆ هێزی پیادەی ئۆکرانیا دەنێرێت، کە پێشتر لەلایەن فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکاوە دەستیان بەسەرداگیراوە لەکاتێکدا لەلایەن سوپای پاسدارانەوە بۆ میلیشیاکانی یەمەن (حوسییەکان) دەنێردران بەشێوەیەکی نایاسایی و دژی بنەماکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی.
ژان پییەر دەشڵێت: بەردەوام دەبین لە هاوکاریکردنی ئۆکرانیا لە جەنگان بۆ ئازادی و سنووردارکردنی ئەو چالاکییانەی ئێران کە دەبنە هۆی دروستبوونی ناسەقامگیری لە ناوچەکە، ئەم کارانە بە پابەندی و بەرپرسیارێتی خۆمان دەزانین.
لە دەستپێکی جەنگی رووسیا-ئۆکرانیاوە تا ئێستا ئەمەریکا بە گوژمەی زیاتر لە 43 ملیار دۆلار هاوکاری سەربازیی پێشکەشی ئۆکرانیا کردووە.
رۆژی یەکشەممە 1ـی ئۆکتۆبەر، ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمهریکا لە پێناو رێگریکردن لە داخستنی حکومەت، بە کۆی 335 دەنگی بەڵێ بەرانبەر بە 91 دەنگی نەخێر پڕۆژە یاسای بودجەی کاتی پەسەند کرد.
پەسەندکردنی ئەم پڕۆژە یاساییە هاوکار دەبێت بۆ بەردەوامبوونی حکومەتی ئەمهریکا بۆ ماوەی 45 رۆژی دیکە، بەو مەرجەی هاوکارییەکانی ئەمهریکا بۆ ئۆکرانیا تا ئەو کاتە بوەستێندرێت.
له 24ـی شوباتی 2022، به فهرمانی ڤلادیمێر پوتنی سهرۆكی رووسیا هێرشكرایهسهر خاكی ئۆكرانیا و بههۆیهوه ههزاران كهس له سهربازان و هاووڵاتیان كوژراون و ملیۆنهها ئۆكرانیش ئاوارهی وڵاتانی ئهوروپی بوون، تا ئێستاش ئهو جهنگه بهردهوامه.