چوار هۆڵی نەشتەرگەریی بۆ نەخۆشخانەی فێرکاریی هەولێر دروستدەکرێن

K24 - هەولێر
بەردی بناغەی دروستکردنی چوار هۆڵی نەشتەرگەریی بۆ بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی فێرکاریی هەولێر دانرا و، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، "دروستکردنی ئەو چوار هۆڵە، بەمەبەستی هاوکاری و پاڵپشتیکردنە بۆ نەخۆشخانەکانی دیکەی فریاکەوتنی شاری هەولێر".
بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 5ـی ئۆکتۆبەری 2023، لەسەر ئەرکی ئەمەل محەممەد نوورەدین، بە گوژمەی 450 ملیۆن دینار و لەسەر رووبەری 680 مەتر چوارگۆشە؛ بەردی بناغەی دروستکردنی چوار هۆڵی نەشتەرگەریی بۆ بەشی فریاوکەوتنی نەخۆشخانەی فێرکاریی هەولێر دانرا.
سامانج بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "دروستکردنی ئەو چوار هۆڵە، بەمەبەستی هاوکاری و پاڵپشتیکردنی نەخۆشخانەکانی دیکەی فریاکەوتنی شاری هەولێرە، چونکە لە ئێستادا ژمارەی دانیشتووانی شارەکە زیادبووە و بەشە پسپۆڕییەکانیش زیاتر کراونەتەوە".
بە گوتەی سامان بەرزنجی، "هاتنی ئاوارە و هاووڵاتییان لە شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان بۆ هەولێر، بووەتە هۆی ئەوەی نۆرەی چاوەڕوانیکردنی نەخۆش بۆ نەشتەرگەرییەکان دەرفەت نەدات نەشتەرگەرییە فریاکەوتنەکان لەکاتی خۆیاندا ئەنجام بدرێن؛ بە دروستکردنی ئەم چوارهۆڵە، رەوانەکردنی نەخۆش لە نێوان نەخۆشخانەکاندا کەمتردەبێتەوە".
لای خۆیەوە ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لەبارەی دروستکردنی ئەو چوار هۆڵە رایگەیاند، "بە دروستکردنی ئەو هۆڵانە، سەنتەری فریاکەوتنی نەخۆشخانەی فێرکاریی هەولێر دەکەوێتە قۆناغێکی نوێی خزمەتکردنی باشتری هاووڵاتییانی هەولێر و لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەو هۆڵانە فراوانتر دەکرێن".
وەکو ئەوەی ئومێد خۆشناو باسی دەکات، "بەشداریکردنی خەڵکی هەولێر لە تەواوکردن و سەرخستنی ئەو پڕۆژانەی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ئەنجام دەدرێن، دەرخەریی باشی و میهرەبانی خەڵکی شاری هەولێرە و شانازییان پێ دەکەین".
ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی شەممە (30ـی ئەیلوولی 2023)، وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا رەتیکردەوە لە نەخۆشخانە حکومییەکان رێگری لە ئەنجامدانی هیچ نەشتەرگەرییەک کرابێت و ئاماژەی بەوە کرد، "هەندێک پەیجی سۆشیال میدیا بەبێ ئەوەی بڕیارەکە بخوێننەوە یان رای فەرمی وەزارەت وەربگرن، بابەتێکیان بڵاوکردووەتەوە گوایە وەزارەتی تەندروستی رێگرە لە ئەنجامدانی چەند نەشتەرگەریەک. بۆ ئەم مەبەستە تەواوی ئەو تۆمەت و پڕوپاگەندانە رەتدەکەینەوە و رایدەگەیەنین کەوا راگرتنی نەشتەرگەری دوورە لە راستی و تەنها شێواندنی راستییەکانە بۆ مەرامی چەند بەرژەوەندخوازێک".
وەزارەتی تەندروستی روونیشیکردەوە، "راستی ئەو بڕیارە بەمەبەستی رێگەگرتنە لە دیاردەیەکی نایاسایی کە لە چەند نەخۆشخانە و فریاکەوتنێک، سەرپێچی دەکرا لەلایەن چەند کەسێک کە نەخۆش ناچار دەکرا بەکڕینی پێداویستی نەشتەرگەری و دیاردەی کڕین و فڕۆشتنیان لەناو نەخۆشخانەی حکومی لەگەڵ هاووڵاتییان دەکرد، بەبێ هیچ رێکارێک و رەزامەندی فەرمی".
بە گوێرەی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی تەندروستی، بڕیاری قەدەغەکردنی ئەو سەرپێچییانەیان داوە بۆ ئەوەی رێگە بگیرێت لە کرین و فڕۆشتنی پێداویستی و کەلوپەلی پزیشکی بەشێوەیەکی نایاسایی لەناو نەخۆشخانە حکومییەکان.