نێچیرڤان بارزانی: هەرێمی کوردستان هه‌ميشه‌ ئاماده‌ى چاره‌سه‌رييه

K24 - هەولێر

سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختیکردەوە، هه‌رێمى كوردستان به‌پێى ده‌ستوور و سيستمى فيدراڵى، هه‌ميشه‌ ئاماده‌ى چاره‌سه‌رييه.‌

ماڵپەری سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، شه‌وى چوارشه‌ممه‌ 2023/10/4 نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ پاتریک دورێل راوێژکاری سه‌رۆكى فه‌ره‌نسا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا کرد.

له‌ ديدارێكدا ده‌ربارەى به‌رنامه‌ى سه‌ردانى چاوه‌ڕوانكراوى ئيمانوێڵ ماكرۆن سه‌رۆكى فه‌ره‌نسا بۆ عێراق، په‌يوه‌ندييه‌كانى فه‌ره‌نسا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان، بيروڕايان گۆڕييه‌وه‌.

هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ گرنگيى په‌يوه‌ندييه‌كانى فه‌ره‌نسا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌ و ئاماژه‌يان به‌ رۆڵ و به‌شداريى كاراى فه‌ره‌نسا له‌ هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تيى دژى داعشدا كرد، هه‌روه‌ها له‌سه‌ر بايه‌خ و پێويستيى پشتگيريى فه‌ره‌نسا له‌ عێراق له‌م قۆناغه‌دا، هاوڕا بوون.

ده‌رباره‌ى دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستانيش، هه‌ردوولا داكۆكييان له‌ گرنگيى ته‌بايى و يه‌كڕيزيى لايه‌نه‌ سياسييه‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان و يه‌كده‌نگى و يه‌كهه‌ڵوێستييان له‌ به‌غدا كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها باسيان له‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و گفتوگۆى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانيان كرد.

نێچيرڤان بارزانى سوپاس و پێزانينى بۆ رۆڵى ماكرۆن و پشتگيريى فه‌ره‌نسا له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى، ده‌رباره‌ى كێشه‌كانيش له‌گه‌ڵ به‌غدا دووپاتىكرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان به‌پێى ده‌ستوور و سيستمى فيدراڵى، هه‌ميشه‌ ئاماده‌ى چاره‌سه‌رييه.‌

دۆخى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران و پێكهاته‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان، په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ و ناوچه‌كه‌، دوايين پێشهاته‌كانى شه‌ڕى دژى داعش له‌ عێراق و سووريا، دۆخى ناوچه‌كه به‌گشتى‌ و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى ديداره‌كه‌ بوو.