ئازەربایجان سەرۆکی پێشووی قەرەباخ بەتۆمەتی تێوەگلان لە کوشتنی کەسانی سڤیل دادگایی دەکات
K24 - هەولێر:
داواکاری گشتی ئازەرباجیان بڵاویکردەوە، ئارایک هاروتنیان سەرۆکی پێشووی هەرێمی قەرەباخیان دەستگیرکردووە و بەتۆمەتی جەنگان دژی ئازەربایجان و تێوەگلان لە کوشتنی کەسانی سڤیل و تاوانی جەنگ دادگایی دەکەن.
داواکاری گشتی ئازەرباجیان ئاشکراشیکردووە، سەرۆکی پێشووی قەرەباخیان رەوانەی شاری باکۆی پایتەختی ئازەربایجان کردووە بۆ لێکۆڵینەوە و دواتر دادگایکردنی.
ئەمە لەکاتێکدایە، کۆتاییەکانی مانگی رابردوودا ئازەربایجان تەواوی خاکی قەرەباخی کۆنترۆڵ کرد، دوای کۆنترۆڵکردنی هەرێمەکەش، گرووپی جوداخوازی ئەرمەنی قەرەباخ بەفەرمی خۆی هەڵوەشاندەوە.
پێش کۆنترۆڵکردنی هەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباخ لەلایەن ئازەربایجانەوە، هەرێمەکە بۆ چەند دەیەیەک بوو لەلایەن جوداخوازە ئەرمەنییەکانەوە بۆ ماوەیەی بەڕێوەدەبڕا.
دانیشتووانی قەرەباخ لە ئازەری و ئەرمەنی پێکهاتوون و لە نەوەتەکانی سەدەی رابردووەوە لەژێر دەسەڵاتی باکۆ نەما و لەوکاتەوە ناکۆکی نێوان هەردوو وڵات دەستیپێکردووە، تاوەکو لە جەنگی 2020، ئازەربایجان توانی دەستبەسەر رووبەرێکی فراوان لە ناوچەکەدا بگرێتەوە.
ماوەی چەندین مانگە ئازەربایجان گەمارۆی خستووەتە سەر رێگەی لاچین کە تاکە رێگەیە ئەرمینیا بە قەرەباغ دەبەستێتەوە بەڵام لە مانگی رابردوو، بە مەبەستی گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بە ناوچەکە، باکۆ بڕیاریدا رێگەکە بەشێوەی کاتی بکرێتەوە و داخستنی ئەو رێگەیەشی بۆ رێگریکردن لە بەقاچاغبردنی چەک بۆ گرووپەکانی سەر بە ئەرمینیا گەڕاندەوە.
تا ئەمڕۆ هەزاران ئەرمەنی هەرێمی قەرەباخ لەترسی پاکتاوی رەگەزی، ناوچەکانی خۆیان بەجێهێشتووە و ئاوارەی سنوورەکانی ئەرمینیا بوون.