هێزەکانی پشتیوانی خێرا: سوپای سوودان سێ گەنجی بەشێوەیەکی دڕندانە کوشتووە

سوپای سوودان
سوپای سوودان

K24 - هەولێر

هێزەکانی پشتیوانی خێرای سوودان، سوپای سوودانیان تۆمەتبار کرد بە کوشتنی سێ گەنج لە شاری ئوم درمان، بە تۆمەتی ئەوەی کە گوایە سەر بەو لایەنە بوون.

هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە راگەیەندراوێکدا، "بە توندترین شێوە ئیدانەی ئەو تاوانە قێزەونە دەکات کە لەلایەن میلیشیای تیرۆریستی بورهان ئەنجامدراوە".

لەراگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، تاوانەکە "لەسەر بنەمای رەگەزپەرستی ئەنجامدراوە، بەهۆی ئەوەی گوایە ئەو کەسانە سەر بە هێزەکانی پشتیوانی خێرا بوون، دوای ئەوەی چاویان بەستوونەتەوە و بە رووتی هەرسێ کەسەکەیان خستووتە چاڵێکەوە".

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە: "ئەم رووداوە ترسناکە، لەلایەن تاوانبارانەوە بەبێ بەزەیی ئەنجامدراوە. ئەوەش مەترسییە کە میلیشیاکانی بورهان و لیواکانی هێزی نیشتمانی دەیانەوێت وڵاتەکە بکەنە گۆڕەپانی تیرۆر".

لە 15ـی نیسانی رابردووەوە، شەڕ و ناکۆکی لە نێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا سەریهەڵداوە، کە بەهەزاران کەس کوژراون و نزیکەی پێنج ملیۆن کەسیش ئاوەرەی ناوخۆ و دەرەوە بوون.