هەکار شێروانی: بەڵێنی قوتابییان بۆ پشتگیری لە کوردستانێکی بەهێزتر دووپات دەکەیەنەوە

هەکار بەهرام شێروانی، نوێنەری قوتابییانی زانکۆی سەڵاحەددین
هەکار بەهرام شێروانی، نوێنەری قوتابییانی زانکۆی سەڵاحەددین

K24 – هەولێر:

نوێنەری قوتابییانی زانکۆی سەڵاحەددین، لەمیانی گوتارێکدا رایگەیاند، "بەڵێن بە سەرۆک بارزانی و خوێنی شەهیدان دەدەین کەوا دڵسۆز و پاڵپشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بین و بەڵێنی پشتگیری بۆ کوردستانێکی بەهێزتر دووپات دەکەینەوە".

هەکار بەهرام شێروانی، نوێنەری قوتابییانی زانکۆی سەڵاحەددین، لە میانەی بەڕێوەچوونی ئاهەنگی خولی 42ـەمینی دەرچووانی زانکۆی سەڵاحەددین لەژێر ناونیشانی "زانست و خۆڕاگری و بەردەوامی"، لە گوتارێکدا رایگەیاند، ئەمساڵ لەکاتێکدا ئاهەنگی ئەم خولەی دەرچوون ئەنجامدەدرێت کە گەلی کوردستان دووچاری پێشێلکردنێکی زەق و نادەستووری مافە رەواکانیان لەلایەن دەسەڵاتدارانی بەغدا بووەتەوە.

هاوکات راشیگەیاند، گەلی کوردستان لە عێراقدا دۆزەکەی بریتییە لە هاوبەشی لە بەڕێوەبردنی دەوڵەت، پرسی خاک و پیادەکردنی فیدراڵییەت، هەروەها "هەرگیز دۆزی ئێمە مووچە نەبووە و نابێت".

نوێنەری قوتابییانی زانکۆی سەڵاحەددین، ئاماژەی بەوەدا، "لەم میمبەرەوە بەڵێن بە سەرۆک بارزانی و خوێنی شەهیدان دەدەین کەوا دڵسۆز و پاڵپشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بین، هەروەها بەڵێنی پشتگیری بۆ کوردستانێکی بەهێزتر دووپات دەکەیەنەوە".

سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، پێشێلکردنی ماف و شیاستەداراییەکانی گەلەکەمان هەرگیز بێ ئیرادەمان ناکات، خۆڕاگریمان رژدتر دەکات لەسەر هەستە نەتەوەییی و پاڵپشتیەکانمان بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان و زانستخوازان.

هەکار بەهرام شێروانی، لە کۆتایی گوتارەکەیدا، کۆمەڵێک داواکاری ئاراستەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کرد و گوتی: داواکارین کەمپی زانکۆی سەڵاحەددین دروستبکرێت و هەلی کار لە کەرتی تایبەت و گشتی بۆ قوتابییان بڕەخسێندرێت.

هەروەها داواکارە پێدانی دەرماڵە بە شێوەی مانگانە بۆ قوتابییان بەردەوام بێت، هەروەها بەشەناوخۆیی نوێ قوتابییانی زانکۆی سەڵاحەددین دروست بکرێت.

رۆژی پێنجشەممە (5ـی تشرینی یەکەمی 2023)، بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەددین- هەولێر و مامۆستایان و کەسوکاری دەرچووان، خولی 42ـەمینی دەرچووانی لەژێر ناونیشانی "زانست و خۆڕاگری و بەردەوامی" لە یاریگای فرانسۆ هەریری بەڕێوەچوو.

لەلایەن خۆیەوە، سامان عەبدوڵڵا، بەرپرسی راگەیاندنی زانکۆی سەڵاحەددین – هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند ئەمڕۆ چوار هەزار و 612 قوتابی، بڕوانامەی دەرچوون وەردەگرن.

زانکۆی سەڵاحەددین هەولێر لە 16 کۆلیژ و 95 بەشی زانستی و چەند سەنتەرێكی توێژینەوە و زانستی پێکهاتووە، لەسەر ئاستی زانستیدا، بەردەوام یەکێک بووە لە زانکۆ ئاست بەرزەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و لە ریزبەندی زانکۆکاندا لە پێشەوەی زانکۆکان بووە، ئەمەش بەهۆی گرنگیدانی بەردەوام بە توێژینەوەی زانستی و بەردەوامیدان لە خوێندنی ئەکادیمی لەلایەن مامۆستایانی ئەو زانکۆیە.