کونسوڵی ئەڵمانیا: هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان شەرمەزار دەکەین

کلاوس سترایکەر، کونسوڵی گشتی ئەڵمانیا لە هەولێر.
کلاوس سترایکەر، کونسوڵی گشتی ئەڵمانیا لە هەولێر.

K24 – هەولێر:

کلاوس سترایکەر، کونسوڵی گشتی ئەڵمانیا لە هەولێر رایگەیاند، هەماهەنگیەکانی ئەڵمانیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان فرە لایەنن، هاوکات گوتیشی: هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان شەرمەزار دەکەین.

ئەمڕۆ پێنجشەممە(5ـی تشرینی یەکەمی 2023)، بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کونسوڵە گشتییەکانی وڵاتان لە هەولێر، رۆژی نیشتمانی یەک پارچەیی خاکی ئەڵمانیا لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو.

کلاوس سترایکەر، کونسوڵی گشتی ئەڵمانیا لە هەولێر، لە یادی رۆژی نیشتمانی ئەڵمانیا رایگەیاند، مایەی خۆشحاڵییەکی زۆرە بۆ من، لە پێشوازی رۆژی نیشتمانیمان بەخێرهاتنتان دەکەم، بەخێرهاتنێک کە بەهەمان شێوە دەمەوێت بە ناوی باڵیۆزی نوێمان لە عێراق "کریستیانە هۆمان" پێتان بگەیەنم، ئەو بەم دواییانەدا دەستبەکاربووە و هەر تەنیا سڵاوی خۆی نانێرێت، بەڵکو زۆر بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی ئەوەیە بەم زووانە سەردانی هەرێمی کوردستان بکات.

هاوکات راشیگەیاند، 33 ساڵ لەمەوبەر و لە 3ـی ئۆکتۆبەری 1990 ئەڵمانیا بە شێوەیەکی ئاشتیانە یەکی گرتەوە، ئەو دیوارەی کە بۆ چەندین شێوەی دڕندانە ڵات و گەلەکەمانی لەیەک دابڕیبوو، لە کۆتاییدا ئەڵمانەکان هەموویان توانیان پێکەوە بە ئاشتی، ئازادی و دیموکراسی بژین.

کونسوڵی گشتی ئەڵمانیا لە هەولێر، ئاماژەی بەوەدا، ئەڵمانیا تەواوی هەڕەشەکان لەسەر سەروەری و یەکپارچەیی خاکی عێراق و بەتایبەتی هێرشەکانی هەرێمی کوردستان شەرمەزار دەکات و "ئێمە بە قووڵی خەمبارین بۆ قوربانییانی ئەم هێرشانە".

کلاوس سترایکەر، دەڵێت: بێگومان هەماهەنگی سیاسی و ئابووریمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە، ئاڵوگۆڕی بازرگانی دوو قۆڵیمان لە خاوبوونەوەی سەردەمی کۆرۆنا رەتی داوە و هیوادارم ئەم چڕبوونەوەیە بەردەوام بێت.

گوتیشی:هەموومان سەردانە سەرکەوتووەکانی وەزیری دەرەوەمان لە مانگی ئازار و سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ بەرلین لە مانگی حوزەیرانمان لەبیرە.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەڵمانیا پەیوەندییەکی دێرین و زۆر نزیکی لەگەڵ عێراق و بەتایبەتیش لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا هەیە، هەروەها بۆ ئەو پەیوەندییە دۆستانەیەی نێوان وڵاتانمان، لە ئامادەبوونی ئێوە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئەو ژمارە زۆرە لە میوانانی ئازیز، کە ئەمشەو بۆ ئاهەنگگێڕان بە بۆنەی رۆژی نیشتمانیمان کۆبووینەتەوە و هەماهەنگییەکانی ئەڵمانیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان فرە لایەنەن.

کونسوڵی گشتی ئەڵمانیا لە هەولێر، لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەشکرد، هەماهەنگی پەرەپێدانمان لە هەرێمی کوردستان لە رێگەی کۆمەڵێک پڕۆژەی بەرفراوان، لە ئاوەدانکردنەوە و نۆژەنکردنەوەی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانەوە بەردەوامەوە و لە پاڵپشتیکردنی پەنابەران و ئاوارەی ناوخۆیی بەردەوام دەبین.

کلاوس سترایکەر، سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، "هاوکارییەکانمان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان بەردەوامە، بەڵام لە هەمووی گرنگتر هاوکاریی ئەمنییە، چونکە هێشتا داعش هەڕەشەیە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی، هەوڵی بەردەوامی بەکۆمەڵ پێویستن بۆ بەرپەرچدانەوە و بنبڕکردنی تیرۆرەکەی، بۆیە شانازی بەوەوە دەکەین کە سەربازانی ئەڵمانیا بەشدارن لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی OIR و لە نوێنەرایەتی مەشقی ناتۆ لە بەغدا، چەند رۆژێک لەمەوبەر کابینەی ئەڵمانیا پێشنیاری بۆ پەرلەمانی ئەڵمانیا کردووە، بۆ ساڵێکی دیکە ماوەی سەربازانی ئەڵمانیا، کە لە هەولێر جێگیرکراون، درێژبکرێتەوە؛ پەرلەمانی ئەڵمانیاش بەم زووانە لەم بارەیەوە بڕیار دەدات، بۆیە زۆر دڵخۆشم کە ئەمشەو فەرماندە و سەربازانی سوپای ئەڵمانیا لە نێو میوانانماندان".

ناوبراو گوتی: هەموو ئەم چالاکییە دوولایەنانە نیشانەی هیوای ئەڵمانیان بە کوردستان لە کۆششەکانیدا و هیوای دڵسۆزانەمان بۆ دۆستانی کوردمان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان، پێش هەموو شتێک بە رێککەوتن لەگەڵ بەغدا لەسەر چوارچێوەی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی هەرێمی کوردستان. چونکە هەڵبژاردن توخمی بنەڕەتیی هەر دیموکراسییەکە، هەر دواخستنێکی دیکە دەبێتە مایەی پەشیمانی و تەحەدا دەبێت بۆ سەر رەوایەتی سیستەمی سیاسی کوردستان.

لەبارەی جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا، کونسوڵی گشتی ئەڵمانیا لە هەولێر، رایگەیاند،  نابێت ئەوەمان لەبیربچێت کە بەداخەوە هێشتا کەسانێکی زۆر هەن بێبەشن لەوەی کە لە ئاشتی و ئازادیدا بژین لە ئۆکرانیا، ئەو شەڕەی رووسیا بە پێشێلکردنی زەقی یاسا نێودەوڵەتییەکان دەستی پێکردووە، پێی ناوەتە دووەم ساڵ، رووسیا نەک هەر بەردەوامە لە لکاندنی خاکی ئۆکرانیا بە شێوەیەکی نایاسایی، بەڵکو بەردەوامە لە کوشتنی خەڵکی مەدەنی و دوورخستنەوەی منداڵان لە خێزانەکانیان و بردنیان بۆ رووسیا، هەروەها هەڕەشە لە دابینکردنی خۆراکی بنەڕەتیش بۆ زۆرێک لە وڵاتان دەکات، بە هێرشکردنە سەر ژێرخانی مەدەنی ئۆکرانیا بە شێوەیەکی بەردەوام و تاوانکارانە.