بەهۆی هێرشێکی هێزەکانی سووریا 75 کەس کوژران و بریندار بوون

هێزەکانی سووریا (ئەرشیف)
هێزەکانی سووریا (ئەرشیف)

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ هەینی، رێکخراوی بەرگری شارستانی سووریا "کڵاو سپییەکان" رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکانی هێزەکانی سووریا بۆ سەر باکووری رۆژئاوای ئەو وڵاتە، 13 هاوڵاتی مەدەنی کوژراون کە سێ ژن و دوو منداڵ لە نیو کوژراوەکاندایە.

کڵاو سپییەکان لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایان کرد، هێزەکانی سووریا بە تۆپ و مووشەک هێرشییان کردە سەر باکووری رۆژئاوا، لە ئەنجامدا 13 هاووڵاتی مەدەنی کوژران، هەروەها 62 کەسی دیکەش برینداربوون.

رێکخراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، لە ماوەی سێ رۆژی رابردوودا، لە لادێکانی حەلەب و ئیدلب، هێرشەکانی هێزەکانی رژێمی سووریا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، و ئەم هێرشانەش "پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسایی نێودەوڵەتی مرۆییە، کە بە ئامانجگرتنی خەڵکی مەدەنی و ژێرخانی مەدەنی قەدەغە دەکات".

کڵاو سپییەکان داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد "رێگایەک بدۆزنەوە کە دڵنیابێت، لەوەی رژێمەکەی بەشار ئەسەد، بەئامانجگرتنی دانیشتووانان رابگرێت ".

لە راگەیەندراوەکەدا جەخت لەسەر ئەوەکراوەتەوە، "رێوشوێنی یەکلاکەرەوە بۆ کۆتاییهێنان بەم هێرشە بەردەوامانە، بۆ سەر ژیانی خەلکی مەدەنی و بێتاوان بگیرێتە بەر، هەروەها بەرپرسانیش بدرێنە دادگا".