بە ڤیدیۆ؛ ژمارەیەک چەکداری حەماس چوونە نێو سنووری ئیسرائیل

K24 - هەولێر:

بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 7/10/2023، دەیان مووشەک لەلایەن بزوتنەوەی حەماسەوە، ئاراستەی باشووری ئیسرائیل کران و هاوکات ژمارەیەک چەکداری ئەو بزووتنەوەیە چوونە نێو سنوورەکانی ئیسرائیل.

کاتژمێر شەشی بەرەبەیانی ئەمڕۆ کەتیبەکانی قەسامی باڵی سەربازی بزوتنەوەی حەماس بەهاوبەشی لەگەڵ سەرایا قودس، هەڵمەتی (زریانی ئەقسا)ی بۆسەر ئیسرائیل دەستپێکرد و لە راگەیەندراوێکدا بڵاویانکردەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکییان ئاراستەی هەریەکە لە شارەکانی تەلئەڤیڤ و سیدۆرت و بیئر سەبع کردووە، بەهۆیەوە زیانێکی زۆریان لەو شارانەی باشووری ئیسرائیل داوە.

کەتیبەکانی قەسام لە راگەیەندراوەکەیاندا باسیان لەوەشکردووە، ئامانج لە هەڵمەتەکەیان "بەرگریکردنە لە قودس و ئازادکردنی خاکەکەیانە و، تا رۆژی سەرکەوتن بەردەوام دەبن لە خەبات".

بە گوێرەی هەواڵێكی ئاژانسی رۆیتەرز، جگە لە هێرشی مووشەکی بۆ سەر ئیسرائیل، ژمارەیەک چەکداری حەماسیش چوونەتە نێو سنوورەکانی ئیسرائیل و لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە شەڕی کۆڵان بە کۆڵان دەکەن.

ئاماژە بەوەشدرا، لەگەڵ دەستپێکی هێرشی مووشەکی بۆ سەر ئیسرائیل، لە باشوور و ناوەڕاستی ئەو وڵاتە زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدرا و سوپای ئیسرائیل دۆخی جەنگی راگەیاند و داوای لە یەکە سەربازییە یەدەگەکان کرد بچنە حاڵەتی ئامادەباشییەوە، هەڕەشەی ئەوەشی کرد، لەمەودوا پێگەی گرووپە فەڵەستینییەکان بەچڕی بەئامانج دەگرن.

سوپای ئیسرائیل ئاشکراشیکردووە، ژمارەیەک چەکداری سەر بە گرووپە فەڵەستینییەکان دزەیان کردووەتە سنووری ئیسرائیل و ویستی کاری تێکدەرانەیان هەیە، بۆیە پێویستە خەڵکی ئیسرائیل پەنا بۆ شوێنە پارێزراوەکان ببەن.

هاوکات، کەناڵ 13ـی ئیسرائیلی ئاماژەی بەوەداوە، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ ئەنجومەنی کاروباری سیاسی و ئەمنی کۆبوونەوەیەکی بەپەلە سەبارەت بە دەرئەنجامی هێرشەکان دەکات و هەڵوێستی خۆی رادەگەیەنێت.

جگە لەمانە، ئاژانسی رۆیتەرز باس لەوە دەکات، دەنگی تەقینەوەی بەهێز لە قودس بیستراوە و ئەگەری راگیرانی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی بن گۆریۆن هەیە، بەهۆی مەترسی لەسەر فڕۆکەخانەکە.