کرمانج عزەت: پەکەکە باوەڕی بە گفتوگۆ نییە و بووەتە کێشەیەکی گەورە بۆ هەرێمی کوردستان

"شەڕی پەکەکە لەگەڵ تورکیا ستراتیژی و ئامانجی دیار نییە و لە شۆڕش ناچێت"

K24 - هەولێر

کرمانج عزەت، بەرپرسی لقی 26ی گوڵانی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند: شەڕی پەکەکە لەگەڵ تورکیا لە شۆڕش ناچێت و ئامانج و ستراتیژی دیار نییە، باوەڕی بە گفتوگۆ نییە و بووەتە کێشەیەکی گەورە بۆ هەرێمی کوردستان.

لەمیانی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24، کرمانج عزەت گوتی: "کەس لە ناوەڕۆکی شەڕی پەکەکە لەگەڵ تورکیا ناگات، لە شۆڕش ناچێت و نازانرێت ئامانج و ستراتیژییەتیان چییە، زیاتر لە 30 ساڵە بنکە و بارەگاکانیان لەناو خاکی هەرێمی کوردستان داناوە، کەس نازانێت مەبەست و ئامانجیان چییە و تا دێت زیاتر دێنە ناو قوڵایی خاکی هەرێمی کوردستان، هەر خەریکی لێدانی تونێلن نازانین چی دەکەن و دەیانەوێت لە کوێ بەرگری بکەن؟ لە راستیدا پەکەکە بووەتە کێشەیەکی گەورە بۆ هەرێمی کوردستان".

گوتیشی: "چەندین جار داوایان لێکراوە دۆخی هەرێمی کوردستان لەبەرچاو بگرن، نەک هەر ئەوە ناکەن، بەڵکو کێشەی گەورەمان بۆ دروست دەکەن".

کرمانج عزەت، ئاماژەی بەوەشدا: "بوونی پەکەکە بووەتە بیانووێک کە تورکیا ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بۆردومان بکات، گوندنشینان لە ناوچە سنوورییەکان دەڵێن: لە دوای راپەڕینەوە بەهۆی پەکەکە هەستمان بە ئازادی نەکردووە و پێمان وایە سەردەمی بەعس بۆ ئێمە بەردەوامە، چونکە بەردەوامە فڕۆکە ناوچەکانمان بۆردومان دەکەن و بەردەوام لە ترس و دڵەڕاوکێ دا دەژین. لە دەڤەری برادۆست زیاتر لە 200 گوند بەهۆی شەڕی پەکەکە و تورکیا ئاوەدان نەکراونەتەوە، بەتایبەتی ناوچەی خواکوڕک یەکێکە لە ناوچە بە پیت و بەرەکەتەکانی کوردستان، بە گشتی سنووری باڵەکایەتی و برادۆست ناوچەی گرنگن بۆ کشتوکاڵ و ئاژەڵداری، بەڵام بەهۆی ئەو دۆخە خەڵک ناتوانن سوود لە رەز و باخەکانیان وەربگرن".

باسی لەوەشکرد: "خۆزگە پەکەکە لەپێناو کوردایەتی دەهاتنە شاخ، لە سەرەتادا کە شەڕی چەکداریان لەگەڵ تورکیا دەستپێکرد لەناو بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان خۆیان گرتەوە و پارتی هاوکاریی کردن، بەڵام ئەو تاكڕەوییەی پەکەکە هەموو ئامانجەکانی حزبەکەی خستووەتە ژێر پرسیارەوە، ئەوان نەک هەر زیانیان بە باشووری کوردستان گەیاندووە، بەڵکو پرۆسەی ئاشتی کە چەند جارێک لە باکووری کوردستان هاتە ئاراوە ئەویشیان لەباربرد، دوای دۆڕاندنی ئەوێ ئێستا خەریکی ئێرەن".

بەرپرسی لقی 26ی گوڵانی پارتی، دەڵێت: "پەکەکە باوەڕی بە گفتوگۆ نییە، ئیسغلالی ئەو گوتەیەی سەرۆک بارزانی دەکات کە دەڵێت: نابێ جارێکی دیکە شەڕی براکوژی لە کوردستان ببێتەوە. ئەگەرنا هەڵسوکەوتەکانی پەکەکە بۆ هەڵگیرسانی شەڕ و پاساودانە بە بۆردومانکردنی خاکی کوردستان. پێچەوانەی ئەوان حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان هەرجارێک داوایان لێکرابێت دۆخی هەرێمی کوردستانیان لەبەرچاو گرتووە و لە سنوورەکان کشاونەتەوە، بۆچی پەکەکە واناکات ئەگەر خەریکی کوردایەتی بن!، ئەوەی دەیکەن بەداخەوە تەنیا لێدانە لە خەبات و دۆزی گەلی کورد".

سەبارەت بە بێدەنگی حکومەتی عێراق، لەبارەی پێشێلکاری دژی هەرێمی کوردستان و بۆردومان و تۆپباران بۆ سەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، کرمانج عزەت گوتی: "عێراق وڵاتێکی سەقامگیر نییە و تەنیا داهاتی زۆری هەیە، لە راستیدا عێراق دابەش بووە بەسەر چەند گرووپێکی میلیشیا، نەیتوانیوە ئارامی و سەقامگیریی بۆ خەڵکەکەی بگێڕێتەوە، هەر کاتێک باسی هەرێمی کوردستانیش دەکرێت لە عێراق بۆچوونەکانیان گوزارشت لە خۆیان ناکات، کەوتوونەتە ژێر کاریگەری وڵاتانی دراوسێ و هەرێمیی، ئەگەر عێراق خاوەنی سەروەری خۆی بێت وڵاتانی دیکە و پەکەکەش نەیدەتوانی بێنە ناو خاکەکەی".