کاردانەوەی وڵاتان سەبارەت بە هێرشەکانی سەر ئیسرائیل

دیمەنێکی شاری 'ئەشکیلۆن'ـی ئیسرائیل کە ئەمڕۆ لەلایەن بزووتنەوەی حەماسەوە بە مووشەک بۆردوومان کرا - وێنە: AFP
دیمەنێکی شاری 'ئەشکیلۆن'ـی ئیسرائیل کە ئەمڕۆ لەلایەن بزووتنەوەی حەماسەوە بە مووشەک بۆردوومان کرا - وێنە: AFP

K24 - هەولێر:

ئۆکرانیا، ئەڵمانیا، بەریتانیا و فەرەنسا سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر ئیسرائیل دەکەن و رووسیاش داوای دانبەخۆداگرتن دەکات.

جەیمس کلێڤەرلی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاند، بەهەموو شێوەیەک لەگەڵ ئیسرائیل دەوەستنەوە دژی ئەو هێرشە دڕندانەیەی کراوەتەسەری و تەلئەڤیڤ مافی ئەوەی هەیە بەرگری لەخۆی بکات.

هاوکات وەزیرانی دەرەوەی فەرەنسا و ئەڵمانیاش لەدوو راگەیەندراوی جیادا سەرکۆنەی هێرشە مووشەکییەکانی سەر بەشێک لە شارەکانی باشووری ئیسرائیلیان کرد و پشتیوانی خۆیان بۆ حکومەتی ئەو وڵاتە دەربڕی.

لەلایەکی دیکەوە، دیمیترۆ کۆڵیبا، وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا بەتوندی سەرکۆنەی هێرشەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆی سەر ئیسرائیلی کرد و جەختی لەوەکردەوە، ئیسرائیل مافی ئەوەی هەیە وەڵامی هێرشە تیرۆرسیتییەکان بداتەوە و بەرگری لەخەڵک و خاکەکەی بکات.

لەبەرانبەردا، رووسیا داوا لە لایەنە بەشەڕهاتووەکان دەکات، دان بەخۆیاندا بگرن و نەبنە هۆکاری ئاڵۆزبوونی زیاتری دۆخەکە، چونکە لەبەرژوەندی کەس نییە.

کاتژمێر شەشی بەرەبەیانی ئەمڕۆ کەتیبەکانی قەسامی باڵی سەربازی بزوتنەوەی حەماس بەهاوبەشی لەگەڵ سەرایا قودس، هەڵمەتی (زریانی ئەقسا)یان بۆسەر ئیسرائیل دەستپێکرد و لە راگەیەندراوێکدا بڵاویانکردەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکییان ئاراستەی هەریەکە لە شارەکانی تەلئەڤیڤ و سیدۆرت و بیئر سەبع کردووە، بەهۆیەوە زیانێکی زۆریان لەو شارانەی باشووری ئیسرائیل داوە.

بە گوێرەی هەواڵێكی ئاژانسی رۆیتەرز، جگە لە هێرشی مووشەکی بۆ سەر ئیسرائیل، ژمارەیەک چەکداری حەماسیش چوونەتە نێو سنوورەکانی ئیسرائیل و لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە شەڕی کۆڵان بە کۆڵان دەکەن.

لەلای خۆیەوە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە یەکەم پەیامیدا دوای هێرشەکانی باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر وڵاتەکەی، گوتی: ئێمە لە جەنگداین و دەیبەینەوە، دوژمن بەجۆرێک باجی کردەوەکانی دەدات کە پێشتر نەیبینیوە.

بە گوێرەی زانیارییەکان، بەهۆی هێرشەکانی ئەمڕۆی سەر ئیسرائیل، نزیکەی 22 کەس کوژراون و سەدان کەسیش بریندار بوون.