راستی ڤیدیۆیەکی بۆردوومانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە
K24 - هەولێر:
بەشێك لە چالاکوانان و ژمارەیەک میدیا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڤیدیۆیەکیان بڵاوکردەوە کە گوایە ڤیدیۆی بۆردوومانی ناوچەیەکی کەرتی غەززەیە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە.
پلاتفۆڕمی میسبار بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ زانیاری و هەواڵەکان، سەبارەت بەو ڤیدیۆیە رایگەیاند، رێکەوتی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆکە کۆنە و هی هێرشەکانی ئەمڕۆی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە نییە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ مانگی ئایاری رابردوو.
کاتژمێر شەشی بەرەبەیانی ئەمڕۆ کەتیبەکانی قەسامی باڵی سەربازی بزوتنەوەی حەماس بەهاوبەشی لەگەڵ سەرایا قودس، هەڵمەتی (زریانی ئەقسا)یان بۆسەر ئیسرائیل دەستپێکرد و لە راگەیەندراوێکدا بڵاویانکردەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکییان ئاراستەی هەریەکە لە شارەکانی تەلئەڤیڤ و سیدۆرت و بیئر سەبع کردووە، بەهۆیەوە زیانێکی زۆریان لەو شارانەی باشووری ئیسرائیل داوە.
بە گوێرەی هەواڵێكی ئاژانسی رۆیتەرز، جگە لە هێرشی مووشەکی بۆ سەر ئیسرائیل، ژمارەیەک چەکداری حەماسیش چوونەتە نێو سنوورەکانی ئیسرائیل و لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە شەڕی کۆڵان بە کۆڵان دەکەن.
لەلای خۆیەوە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە یەکەم پەیامیدا دوای هێرشەکانی باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر وڵاتەکەی، گوتی: ئێمە لە جەنگداین و دەیبەینەوە، دوژمن بەجۆرێک باجی کردەوەکانی دەدات کە پێشتر نەیبینیوە.
بە گوێرەی زانیارییەکان، بەهۆی هێرشەکانی ئەمڕۆی سەر ئیسرائیل، نزیکەی 22 کەس کوژراون و سەدان کەسیش بریندار بوون.