شاندی ئیمڕاڵی: ھۆشدارییەكانی ئۆجەلان لەبارەی كودەتا بە ھەند وەرنەگیراوە

K24 - ئامەد

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئەندامێكی شاندی ئیمڕاڵی رایگەیاند، ھۆشدارییەكانی ئۆجەلان لەبارەی كودەتاكەی توركیا بە ھەند وەرنەگیراوە.

سری سوورەیا ئۆندەر، ئەندامی شاندی ئیمڕاڵی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لە شاری ئامەدی باكووری كوردستان گوتی: "پێشتر عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری بەندكراوی پارتی کرێکارانی کوردستان هۆشداری لەروودانی کودەتای سەربازی دابوو، بەڵام دەسەڵاتدارانی تورکیا هۆشدارییەکانیان بە هەند وەرنەگرت".

شاندی ئیمراڵی لە ژمارەیەك پەرلەمانتاری ھەدەپە پێكھاتوون كە لە كاتی پڕۆسەی ئاشتی لەو وڵاتە سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلانیان دەكرد و پەیام و بۆچوونی ئەویان بۆ حكوومەتی توركیا و پەكەكە دەگواستەوە، بەڵام بەھۆی لەبارچوونی پڕۆسەی ئاشتی لەو توركیا شەڕ لەنێوان ھێزەكانی دەوڵەت و پەكەكە لە ناوچە سنوورییەكانی باكووری كوردستان بەردەوامە و ئەندامانی شاندەكەش ناتوانن سەردانی ئۆجەلان بكەن.