بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی هەولێر لەبارەی دەرهێنانی پاسپۆرتی سیستەمی کۆن هاووڵاتییان ئاگاداردەکاتەوە

K24 – هەولێر:
بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی هەولێر، رایگەیاند، رسووماتی دەرهێنانی پاسپۆرتی جۆری A (سیستەمی کۆن)، سبەی یەکشەممە شێوازی پارەدان لە پسوولە دەگۆڕدرێت بۆ شێوازی پارەدان بە کارتی بانکی.
بەرێوەبەرایەتی پاسپۆرتی هەولێر، لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، هاووڵاتییانی شاری هەولێر ئاگاداردەکاتەوە سبەی رۆژی یەکشەممە رسووماتی دەرهێنانی پاسپۆرتی جۆری A (سیستەمی کۆن) لە شێوازی پارەدان بە پسوولە دەگۆڕدرێت بۆ شێوازی پارەدان بە کارتی بانکی (ماستەرکارد و ڤیزەکارت).
لە راگەیەندراوەکەدا هەروەها هاتووە، بۆیە پێویستە ئەو هاووڵاتییانەی کە سەردانی نووسینگەی دووی پاسپۆڕتی هەولێر دەکەن دەبێت ماستەرکارد یان ڤیزاکارتیان پێبێت.
ئەمەش لەکاتێکدایە، لە ئێستادا جگە لە دەرهێنانی پاسپۆرتی جۆری A (سیستەمی کۆن)، دەرهێنانی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی جۆری B بەردەستە، کە هاووڵاتییان لەماوەی رۆژێکدا دەتوانن مامەڵەی دەرهێنانی ئەم پاسپۆرتە تەواو بکەن و وەریبگرنەوە.