جۆ بایدن: بە هەموو شێوەیەک پاڵپشتی لە ئیسرائیل دەکەین

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا - وێنە: AP
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا - وێنە: AP

K24 – هەولێر:

سەرۆکی ئەمەریکا هێرشەکانی حەماسی بۆ سەر ئیسرائیل بە تۆقێنەر وەسفکرد و رایگەیاند، ئەمەریکا ئامادەیە هەموو جۆرە هاوکارییەک پێشکەشی ئیسرائیل بکات.

رۆژی شەممە (7ـی تشرینی یەکەمی 2023) جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا رایگەیاند، لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل قسەیکردووە و ئامادەی هەموو جۆرە هاوکارییەکی بۆ دووپاتکردووەتەوە و باسی لەوەشکرد، لوید ئۆستنی وەزیری بەرگریشی راسپاردووە کاربکات بۆ دابینکردنی ئەو پاڵپشتییانەی ئیسرائیل پێویستی پێیەتی.

جۆ بایدن جەختی لەسەر ئەوەکردەوە، لە جەنگی حەماسدا، ئەمەریکا لە پشتی ئیسرائیل دەوەستێت و هەموو رێگایەکی گونجا دەگرێتەبەر بۆ پاڵپشتیکردنی ئیسرائیل.

هەروەها سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەشکرد، بۆردومانکردنی شار و ناوچەکانی ئیسرائیل بە هەزاران مووشەک لە ماوەیەکی کورتدا، رووداوێکی تۆقێنەرە و بە مافی ئیسرائیلیشی زانی کە بەرگری لەخۆی بکات و هۆشداریدایە هەر لایەنێکی دیکە کە بۆ دژایەتیکردنی ئیسرائیل، هێرشەکانی حەماس بقۆزێتەوە.

رۆژی شەممە (7ـی تشرینی 2023) باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جولەکەنشینەکان کرد و تەلبەندی سنووری نێوان کەرتی غەززە و کۆمەڵگە جولەکەنشینەکانیان بڕی.

بەگوێرەی ئامارەکانی میدیا ئیسرائیلییەکان (تا کاتژمێر 10ـی شەو) 25 ئیسرائیلی لە سەرباز و هاووڵاتی مەدەنی کوژراون و زیاتر لە هەزار و 150 کەسی دیکەش برینداربوون، لە بەرامبەریشدا، بەپێی ئامارەکانی تەندروستی غەززە، 232 هاووڵاتی فەڵەستینی کوژراون و زیاتر لە هەزار و 700 کەسی دیکەش برینداربوون لە ئەنجامی بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەوتی غەززە.