بنیامین ناتانیاهۆ: غەززە دەکەینە دوورگەیەکی وێران بوو
K24 – هەولێر:
لە دووەم گوتاری تەلەفزیۆنی ئەمڕۆیدا، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کۆنترۆڵکردنەوەی سەرجەم ناوچە جولەکەنشینەکانی راگەیاند کە لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە دەستی بەسەردا گیرابوو، هەروەها راشیگەیاند، ئەم جەنگە درێژە دەکێشێت و غەززە دەکەینە دوورگەیەکی وێران بوو.
رۆژی شەممە (7ـی تشرینی یەکەمی 2023) بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، لە هەموو شوێنێک و بە هەموو هێزێک لە حەماس دەدەن و جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە، جەنگی ئەمجارەیان لەگەڵ حەماس، درێژە دەکێشێت و کەرتی غەززە دەکەنە دوورگەیەکی وێران بوو.
لەبارەی هێرشەکانی حەماسەوە، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەکرد، ئەوەی ئەمڕۆ روویدا پێشتر هاوشێوەی نەبووە لە ئیسرائیل و رۆژی 7ـی تشرینی یەکەمی 2023ـی بە رۆژێکی رەش وەسفکرد.
هەروەها ناتانیاهۆ رایگەیاند، حەماس بەرپرسیارە لە سەلامەتی گیانی هەموو ئەو ئیسرائیلیانەی بەدیلی گرتوون و گوتیشی، حەماس باجی ئەو هێرشانەی بە قورسی دەدات و بەشێوەیەک کە تا ئێستا نەیزانیوە.
هەر ئەمڕۆ ناتانیاهۆ لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە لە هەژماری فەرمی خۆی لە پلاتفۆڕمی ئێکس بڵاویکردووەتەوە، رایگەیاند، "ئێمە لە جەنگداین و جەنگەکەش دەبەینەوە".
رۆژی شەممە (7ـی تشرینی 2023) باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جولەکەنشینەکان کرد و تەلبەندی سنووری نێوان کەرتی غەززە و کۆمەڵگە جولەکەنشینەکانیان بڕی.
بەگوێرەی ئامارەکانی میدیا ئیسرائیلییەکان (تا کاتژمێر10:50ـی شەو) 25 ئیسرائیلی لە سەرباز و هاووڵاتی مەدەنی کوژراون و زیاتر لە هەزار و 500 کەسی دیکەش برینداربوون، لە بەرامبەریشدا، بەپێی ئامارەکانی تەندروستی غەززە، 232 هاووڵاتی فەڵەستینی کوژراون و زیاتر لە هەزار و 700 کەسی دیکەش برینداربوون لە ئەنجامی بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەوتی غەززە.