ئەردۆغان بە کۆی دەنگی ئەندامانی کۆنگرە بە سەرۆکی ئاکپارتی هەڵبژێردرایەوە

رەجەب تەیب ئەردۆغان،سەرۆکی ئاکپارتی. وێنە:AA
رەجەب تەیب ئەردۆغان،سەرۆکی ئاکپارتی. وێنە:AA

K24 – هەولێر:

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە چوارەمین کۆنگرەی گەورەی نائاسایی پارتی داد و گەشەپێدان بە کۆی دەنگی ئەندامانی کۆنگرە جارێکی دیکە بە سەرۆکی ئاکپارتی هەڵبژێدرایەوە.

ئەمڕۆ شەممە (7ـی تشرینی یەکەمی 2023) لە چوارەمین کۆنگرەی گەورەی نائاسایی پارتی داد و گەشەپێدان، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی ئاکپارتی بە بەدەستهێنانی هەزار و 399 دەنگ واتە تەواوی دەنگی ئەندامانی کۆنگرە جارێکی دیکە بە سەرۆکی ئەو پارتە هەڵبژێردرایەوە.

لە دوای پڕۆسەی هەڵبژاردن، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا گوتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند، هەوڵەکانیان دەخەنەگەڕ بۆ ئەوەی بتوانن سەرجەم شارەوانییەکانی دەستی جەهەپە دەربێنن و دووبارە سەرکەوتن لەو پاریزگانە تۆمار بکەنەوە.

ئەمڕۆ شەممە، (7ـی ئۆکتۆبەری 2023)، پارتی داد و گەشەپێدان - ئاکپارتی، کە پارتی فەرمانڕەوای تورکیایە، کۆنگرەی چوارەمی نائاسایی خۆی لە ژێر ناونیشانی "100 ساڵەی تورکیا" لە ئەنقەرەی پایتەختی ئەو وڵاتە دەستێپیکرد.

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی ئاکپارتی و سەرۆککۆماری تورکیا، لەمیانی پێشکەشکردنی گوتارێک لەبارەی کۆنگرەی چوارەمی نائاسایی پارتەکەی، گوتی: "لەسەر گەیشتن بە ئامانجەکانی تورکیا سوورین. گرنگیش نادەین بەوانەی دەیانەوێت بمانترسێنن".

سەرۆکی ئاکپارتی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد: "ملکەچی ئەوانە نابین کە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان بۆ گوشار خستنە سەر ئێمە بەکار دێنن. بۆ بەرقەراری ئاسایشی تورکیا ئەوە پێویست بێت دەیکەین".

ئاکپارتی لە ناوەڕاستی ساڵی 2018 و بە کۆی دەنگی ئەندامانی پەرلەمانی تورکیا، سیستەمی فەرمانڕەوایی لەو وڵاتە لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆکایەتیی گۆڕی. لە دواینن هەڵبژاردنی پەرلەمای تورکیا کە لە رۆژی 14ـی ئایاری 2023 بەڕێوەچوو؛ ئاکپارتی لە کۆی 600 کورسی پەرلەمان، 268 کورسی بەدەستهێنا. ئەردۆغانیش سەدا 52.18ـی کۆی دەنگەکانی بەدەستهێنا و بۆ جاری سێیەم بە سەرۆککۆماری تورکیا هەڵبژێدرایەوە.