دوایین ئاماری زیانە گیانییەکانی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس

ژمارەی گیانلەدەستدان 500 کەسی تێپەڕاند

هێرشێكی مووشەکی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە - وێنە: AFP
هێرشێكی مووشەکی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە - وێنە: AFP

K24 - هەولێر:

وەزارەتی تەندروستی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، ژمارەی ئەو ئیسرائیلیانەی بەهۆی ئۆپەراسیۆنی زریانی ئەقسای گرووپە فەڵەستینییەکانەوە گیانیان لەدەستداوە 300 کەسی تێپەڕاندووە، ئەوەش سەرباری برینداربوونی نزیکەی هەزار و 600 کەس.

لەبەرانبەردا سوپای ئیسرائیل بەچڕی بۆردومانی بۆسەر ناوچەکانی نیشتەجێبوون دەستپێکردووە و دەیان باڵەخانەی لەکەرتی غەززە وێرانکردووە، وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین ئاماژەی بەوەدا، تەنها لە یەک بۆردوومانی سوپای ئیسرائیل بۆسەر ناوچەی بەیت حەنون لە باکووری غەززە 19 کەس گیانیان لەدەستداوە.

ئاماژەی بەوەشدا، ژمارەی کوژراوە فەڵەستینییەکان بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە بۆسەر کەرتی غەزە 256 کەسی تێپەڕاندووە.

لەلایەکی دیکەوە، رادیۆی سوپای ئیسرائیل ئاشکرایکرد، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چەند مووشەکێک لە باشووری لوبنانەوە ئاڕاستەی ئۆردوگا جونشینەکانی سەر سنووری ئیسرائیل و لوبنان کراون، داواشی لە دانیشتووانی ئەو ناوچەیە کرد، پەنا بۆ شوێنە پارێزراوەکان ببەن.

کاتژمێر شەشی بەرەبەیانی دوێنێ شەممە 7ـی ئۆکتۆبەر، باڵی سەربازی بزوتنەوەی حەماس بەهاوبەشی لەگەڵ سەرایا قودس، هەڵمەتی (زریانی ئەقسا)یان بۆسەر ئیسرائیل دەستپێکرد.

دوێنێ باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جولەکەنشینەکان کرد و تەلبەندی سنووری نێوان کەرتی غەززە و کۆمەڵگە جولەکەنشینەکانیان بڕی.

جگە لە هێرشی مووشەکی بۆ سەر ئیسرائیل، هەمان رۆژ ژمارەیەک چەکداری حەماسیش چوونە نێو سنوورەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە شەڕی کۆڵان بە کۆڵانیان کرد.

لەلای خۆیەوە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە یەکەم پەیامیدا دوای هێرشەکانی باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر وڵاتەکەی، گوتی: ئێمە لە جەنگداین و دەیبەینەوە، دوژمن بەجۆرێک باجی کردەوەکانی دەدات کە پێشتر نەیبینیوە.