سیمپۆزیۆمی هەفتەی دیپلۆماسی کوردی بەڕێوەدەچێت
K24 – هەولێر
ئەمڕۆ یەکشەممە 8/10/2023 سیمپۆزیۆمی هەفتەی دیپلۆماسی کوردی دەستپێدەکات و چەند رۆژێک دەخایەنێت.
رێناس عەلی پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، ئەو سیمپۆزیۆمی لەلایەن نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و زانکۆی سەڵاحەدین رێکخراوە، ئەمڕۆ وەک یەکەم رۆژ لە هەولێر دەستپێدەکات و لە رۆژانی داهاتوو لە زانکۆکانی سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە بەڕێوەدەچێت، لایەنە پەیوەندیدارەکان و نوێنەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دەرەوەی وڵات بەشداری تێدا دەکەن، چەند پانێڵێک لە خۆدەگرێت و شارەزایان و مامۆستایانی زانکۆ لەسەر دیپلۆماسی کورد قسە دەکەن.
د. شاڵاو عەبدولخالق، سەرپەرشتیاری هەفتەی دیپلۆماسی کوردیی و شارەزای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بە کوردستان24ی گوت: "ئەو سیمپۆزیۆمە کارێکی هاوبەشە لەنێوان زانکۆی سەڵاحەدین و نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا، لە دوو تەوەری سەرەکی پێکهاتووە، یەکەمیان پێکهاتووە لە نمایشکردنی پڕۆژەی دیپلۆماسی کوردی، کە فەرمانگەی پەیوەندییەکان و نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا نزیکەی سێ ساڵ کاریان لەسەر کردووە، بەشی دووەمی سیمپۆزیۆمە پێکدێت لە دوو پانێڵ کەسانی دیپلۆماتکار تێدا قسە دەکەن، هەروەها کۆمەڵێک لێکۆڵەر و بیرمەند هەڵسەنگاندن ئەو هێزە نەرمە دیپلۆماسییەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن کە چۆن توانیویەتی کاریگەری بخاتە سەر وڵاتان و بەشێک لە کێشەکان چارەسەر بکات".
ئاماژەی بەوەشکرد، پەرتوکێک نمایش دەکرێت کە پەیوەندیدارە بە مێژووی دیپلۆماسیەتی هەرێمی کوردستان.
پرۆگرامی سمپۆزیۆمەکە بەمشێوەیە دەبێت:
تەوەری یەکەم
پانێڵی یەکەم: (رۆڵی دیپلۆماسیەتی هەرێمی کوردستان لە بارودۆخە جیاوازەکاندا)
د. جوتیار عادل (بەرپرسی فەرمانگەی میدیا و زانیاری)
د. عەلی دۆڵەمەری (نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا)
د. زیاد رەئوف (نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵەندا)
د. شاڵاو عەبدولخالق (بەڕێوەبەری پانێڵ- زانکۆی سەڵاحەدین
تەوەری دووەم:
(خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنی دپلۆماسیەتی هەرێمی کوردستان)
د. سامان سۆرانی (فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوە)
رێزان نەجیب (نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا)
پ. د. قادر محەممەد (کۆلێژی ئاداب-زانکۆی سەڵاحەدین)
د. پەروێز رەحیم قادر (کۆلێژی زانستە سیاسیەکان- زانکۆی سەڵاحەدین)