عەلی دۆڵەمەڕی: فەڕەنسا تاکە وڵاتە بەبێ بەرژەوەندی هاوکاری هەرێمی کوردستان دەکات

K24 - هەولێر
نوێنەری هەرێمی کوردستان لە فەڕەنسا دەڵێت: پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و فەڕەنسا پەیوەندییەکی مێژووییە، گوتیشی، قەوارەی هەرێمی کوردستان، لە سەر پێشنیاری فەرەنسا بووە.
عەلی دۆڵەمەڕی، نوێنەری هەرێمی کوردستان لە فەڕەنسا لە هەفتەی دیپلۆماسی کوردی کە لە هەولێر بەڕێوەدەچێت، رایگەیاند، پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و فەڕەنسا پەیوەندییەکی مێژووییە، ئەو بەهایانەی هەرێمی کوردستان هەیەتی وەکو، مافی مرۆڤ، کردنەوەی دەرگا بەرووی ئاوەرەکان و پێکەوە ژیان و دەربرینی بیروڕای ئازاد"، ئەوانە پێکەوە بە فەڕەنسا دەمانبەستێتەوە.
گوتیشی: هەم حکومەتی فەڕەنسا و هەم رای گشتی وڵاتەکە، لە گەڵ هەرێمی کوردستاندایە، ئەمەش وایکردووە، ئێمە وەکو نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان کارەکانی خۆمان زیاتر لەگەڵ حکومەت و گەلی فەڕەنسا ئەنجام بدەین.
دەشڵێت: هەم سەرکردایەتی سیاسی فەڕەنسا و هەم خەڵکەکەی بەشیوەیەکی گشتی لەگەڵ دۆزی رەوای گەلی کورد دانە، هەروەها لەبیریشمان نەچێت پێشمەرگە رۆڵێکی گرنگی لە تێکشاندنی ئافسانەی داعش هەبووە، بۆیە باشترین بەڵگەش، تاکە سەرۆکی وڵاتیکی زلهێز کە هاتبێتە هەرێمی کوردستان، فرانسۆ هۆلاند سەرۆکی فەرەنسا بووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، فەڕەنسا تاکە وڵاتە بەبێ بەرژەوەندی هاوکاری هەرێمی کوردستان دەکات، بەتایبەت لەقۆناغە سەختەکاندا، ئەو قەوارەییەی ئێستا هەیە (قەوارەی هەرێمی کوردستان) لە سەر پێشنیاری فرانسۆ میتران سەرۆکی پێشووتری فەرەنسا بووە.
باسی لەوەشکرد فەڕەنسا لەهەموو بەیاننامەکانیدا گوتوویەتی، دەبێت عێراق مافەکانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستووردا بدات، ئەمەش لە رووی دیپلۆماسییدا، هەرێمی کوردستان توانییویەتی لەساڵی 2005ەوە، سەرکەوتنێکی گەورە بەدەستبهێنێت.