هاوپەیمانی حاموڕابی داوای بە سزاگەیاندنی ئەو کەسانە دەکات کە "لەپشت رووداوەکەی حەمدانییەوە بوون"
K24 - هەولێر:
هاوپەیمانی حاموڕابی لە راگەیەندراوێکدا داوا لە لایەنگران و کادرانی دەکات بەشداری لەو گردبوونەوە و دەستپێشخەرییانەدا بکەن کە تێیاندا داواکاری بۆ ئاشکراکردنی هۆکارەکانی رووداوەکەی حەمدانییە و سزادانی کەسانی کەمتەرخەم و بەرپرس لەو رووداوە دەخرێنەڕوو.
هاوپەیمانی حاموڕابی داوا دەکەن، ئەو کەسانەی لەپشت ئەو رووداوەوە بوون، بەپێی یاسا سزا بدرێن و بەشێوەیەکی پیشەیی و بە ئامادەبوونی پسپۆڕی نێودەوڵەتی لێکۆڵینەوە لەو رووداوە بکرێت.
لە راگەیەندراوەکەیاندا داوا دەکەن، بۆ بچووککردنەوە و کپکردنی بابەتەکە، تەنیا کەسانی ئیداری ناوچەکە سزا نەدرێن.
وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەو هاوپەیمانێتییە داوا دەکات، قوربانیانی رووداوەکە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە قەرەبوو بکرێنەوە و بەپێی دەستوور دەسەڵاتی ئیدارەی خۆجێی بدرێتە قەزای حەمدانییە و دەشتی نەینەوا دووربخرێتەوە لە هەموو ناکۆکییەکی سیاسی و سەربازی.
هاوپەیمانی حاموڕابی لە پێنج لایەن پێکدێت، ئەوانیش پارتی ئەنجومەنی نیشتمانی کلدانی، پارتی بزووتنەوەی گردبوونەوەی سریانی، پارتی یەکێتی دیموکراتی کلدانی، کۆمەڵەی نێودەوڵەتی کلدانەکان و رەوتی شلاما بۆ کاروباری مەسیحی.
درەنگانی شەوی 26ـی ئەیلوولی 2023، لە هۆڵێکی قەزای حەمدانییە کە لەوکاتەدا ئاهەنگگێکی هاوسەرگیری تێدا بەڕێوەدەچوو، ئاگر کەوتەوە و بەهۆیەوە 122 کەس گیانیان لەدەستدا و سەدانی دیکەش بریندار بوون.
رووداوەکە لەسەر ئاستی عێراق و جیهانیش کاردانەوەی لێکەوتەوە.
هەرچەندە لیژنەی لێکۆڵینەوە لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، رووداوەکە بەهۆی یارییە ئاگرینەکان و ئەو ماددانەوە بووە کە لە رازاندنەوەی هۆڵەکەدا بەکارهاتووە، بەڵام بەشێکی زۆری مەسیحییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان رازی نین بە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان.