سەنگەر کانەبی: مەترسییەکانی بوونی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان زیاتر دەبن
K24 - هەولێر
سەنگەر کانەبی، بەرپرسی لقی 23ـی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند: مەترسییەکانی بوونی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان زیاتر دەبن، ئێستا بەهۆی ئەوانەوە ناو گوند و شارۆچکەکان بۆردومان دەکرێن.
لەمیانی بەشداریکردن لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24، لەبارەی هێرشەکان بۆ سەر ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، سەنگەر کانەبی گوتی: "هێرشی پەکەکە و تەقینەوە لەبەردەم وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لە ئەنقەرە لەلایەن پەکەکە، وایکرد هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان چڕتر بکرێنەوە، تەنانەت شەوی رابردوو کەمپی مەخموور بۆردومان کرا، کە چەکدارانی پەکەکە لێی نیشتەجێن".
گوتیشی: "پێش حکومەتی عێراق، داوا لە هەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دەکەین سەروەری خاکی هەرێمی کوردستان بپارێزن، نەک بەهۆی ئەوانەوە خاکی هەرێمی کوردستان بۆردومان و تۆپباران بکرێت، کە بەهۆیەوە دەیان گوندنشینی کوردستان لە زێدی خۆیان ئاوارە بوونە".
سەنگەر کانەبی، ئاماژەی بەوەدا: "بوونی پەکەکە لەناو خاکی هەرێمی کوردستان بووەتە مەترسی و لە داهاتووشدا مەترسییەکان زیاتر دەبن، لە راستیدا مەیدانی شەڕی سیاسیی و چەکداری پەکەکە باکووری کوردستانە، ئەگەر دەیەوێت دەیانەوێت خەبات بکەن دەبێ بچنە ئەوێ، کردەوەکانی پەکەکە کێشە زیاتری بۆ هەرێمی کوردستان دروستکردووە، هەندێک جار دەگەینە ئەو راستییەی پەکەکە رێخۆشکەرە بۆ ئەوەی وڵاتانی دراوسێ هێرش بکەنە سەر هەرێمی کوردستان".
بەرپرسی لقی 23ـی پارتی، ئەوەشی خستەڕوو: "ئەگەر جاران هێرشەکان بۆ سەر ناوچە سنوورییەکان بووبن ئێستا لە هەندێک ناوچە ناو گوند و شارۆچەکان بۆردومان دەکرێن، ئەمەش بەهۆی بنکە و بارەگاکانی پەکەکە، کەمپی مەخموور یەکێکە لەو کەمپانە، کە پەکەکە وەک کەمپێکی پەنابەران بەکاری ناهێنێ بەڵکو وەک سەربازگەیەک بەکاری دەهێنێت، کە دواجار زیانی زۆر بەر هاووڵاتییانی سڤیل دەگات".