بەهمەن کاکەعەبدوڵڵا: دواخستنی هەڵبژاردن تەنیا مەرگی چەند لایەنێک دوادەخات
K24 - هەولێر:
بەهمەن کاکەعەبدوڵڵا، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان سەبارەت بە هەوڵەکان بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: ئامانجی دواخستنی هەڵبژاردن هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان و دواخستنی مەرگی یەکێتی و لایەنەکانی دیکەیە.
رۆژی 25ـی شوباتی 2024 بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستنیشان کراوە، سەبارەت بەم هەڵبژاردنە بەهمەن کاکەعەبدوڵڵا بە کوردستان24ـی راگەیاند، پارتی سوورە لەسەر ئەوەی هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکرێت و بەهیچ جۆرێک دوانەخرێ.
گوتیشی: یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەگەڵ هەڵبژاردن نییە و نایکات و هەموو هەوڵێکیش دەدات بۆئەوەی دوابخرێت.
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە، ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەسەڵات دەدات بە بەغدا تا زیاتر فشار لە هەرێمی کوردستان بکات.
ئاماژەی بەوەشدا، لە چەند رۆژی رابردوو، یەکێتی و چەند لایەنێکی دیکەی کوردستان هەنگاویان نا بۆئەوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان راستەوخۆ بخرێتە سەر بەغدا، کە ئەمەش بیرۆکەکەی ناوخۆیی نییە و بۆ لێدانە لە قەوارەی هەرێمی کوردستان و بەشێك لە هێزەکانیش لە بەغدا هاوکاری ئەم بیرۆکەیەن و کاری بۆ دەکەن.
سەبارەت بە سوود و زیانەکانی دواخستنی هەڵبژاردن، بەهمەن کاکەعەبدوڵڵا رایگەیاند، دواخستنی هەڵبژاردن هیچ سوودێک بەو لایەنانە ناگەیەنێت کە دەیانەوێت هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا نەکرێت، تەنیا مەرگی ئەوان بۆ ماوەیەک دوا دەخات، هەروەها وەک ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی پێدا، ئەو لایەنانە دەیانەوێت هەڵبژاردن نەکرێت و کۆتایی بە هەرێمی کوردستان بێت، بۆیی خۆیان تووشی شکستی گەورە نەبن و لەگەڵ بەغدا بمێننەوە.
بەهمەن کاکەعەبدوڵڵا جەختی کردەوە لەوەی، هەر کەس خەمی قەوارەی هەرێمی کوردستانی هەیە، نابێت بەهیچ شێوەیەک قبوڵ بکات، هەڵبژاردن لەوە زیاتر دوابخرێت و لەکاتی خۆیدا نەکرێت.
گوتیشی: پارتی دیموکراتی کوردستان نابێت دواخستنی هەڵبژاردنەکان قبوڵ بکات، چونکە قبوڵکردنی ئەم کارە، هەرێمی کوردستان بەرەو داهاتوویەکی نادیار دەبات.
راشیگەیاند، ئەوانەی دەیانەوێت هەڵبژاردن دوابخرێت، هەنگاوی دیکەش دەنێن و بەوەوە ناوەستن.