بە ڤیدیۆ؛ پۆلیسێکی میسری دەستڕێژی گوللـە لە ژمارەیەک گەشتیاری ئیسرائیلی دەکات و سێ کەس دەکوژێت
K24 - هەولێر:ا
وەزارەتی ناوخۆی میسر بڵاویکردەوە، لە رووداوێکی تەقەکردندا لە شاری ئەسکەندەرییە دوو گەشتیاری ئیسرائیلی و هاووڵاتییەکی میسری کوژران.
وەزارەتی ناوخۆی میسر بڵاویشیکردەوە، رووداوەکە کاتێک روویداوە، پۆلیسێک لە ناوچەیەکی گەشتیاریی شاری ئەسکەندەرییە، دەستڕێژی گوللـەی لە ژمارەیەک گەشتیاری ئیسرائیلی کردووە، بەهۆیەوە دوو گەشتیاری ئیسرائیلی و هاوڵاتییەکی میسری کوژران.
باسی لەوەشکرد، تەقەکەرەکە کە پۆلیس بووە، دەستگیرکراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.
هاوکات، بەرپرسانی ئیسرائیل کوژرانی دوو هاووڵاتی وڵاتەکەیان لەشاری ئەسکەندەریەی میسر پشتڕاستکردەوە.
ئەم هێرشە چەکدارییە لەکاتێکدایە کە جارێکی دیکە گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماس پەرەیانسەند و بەهۆیەوە تا ئێستا زیاتر لە 400 ئیسرائیلی گیانیان لەدەستداوە و سەدان کەسی دیکەش برینداربوون، هاوکات دەیان کەسی دیکەش تا ئێستا بێسەروشوێنن.
دوێنێ باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جولەکەنشینەکان کرد.
جگە لە هێرشی مووشەکی بۆ سەر ئیسرائیل، هەمان رۆژ ژمارەیەک چەکداری حەماسیش چوونە نێو سنوورەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە شەڕی کۆڵان بە کۆڵانیان کرد.
لە بەرانبەردا، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل جەنگی دژی حەماس و گرووپە چەکدارەکانی فەڵەستین راگەیاند و داوای لە دانیشتوانی غەززە کرد ناوچەکانیان چۆڵ بکەن.
تا بەیانی ئەمڕۆ، بەهۆی هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، زیاد لە 350 کەس گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی 2000 کەسیش بریندار بوون.
پۆلیسێکی میسری لە ئەسکەندەرییە دەستڕێژی گوللـە لە ژمارەیەک گەشتیاری ئیسرائیلی دەکات و سێ کەس دەکوژێت pic.twitter.com/bcFLUN0Vej
— Kurdistan24 (@kurdistan24tv) October 8, 2023