دوایین ئاماری دوو رۆژی رابردووی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس
ژمارەی کوژراوانی ئیسرائیل 700 کەسی تێپەڕاندووە

K24 - هەولێر:
میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، ژمارەی ئەو ئیسرائیلیانەی لەماوەی دوو رۆژی رابردوودا لەلایەن گرووپە فەڵەستینییەکانەوە کوژران 700 کەسی تێپەڕاندووە، نزیکی دوو هەزار و 200 کەسیش بریندار بوون.
وەزارەتی تەندروستی فەڵەستینیش نوێترین ئاماری گیانلەدەستدانی بەهۆی بۆردومانەکانی سوپای ئیسرائیلەوە بۆسەر غەززە بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەدا، تا ئێستا 470 کەس لە کەرتی غەززە کوژراون و زیاتر لە دوو هەزار و 100 کەسیش بریندارن.
تەندروستی فەڵەستین ئاماژەی بەوەشداوە، لەترسی بۆردومانەکانی ئیسرائیل 70 هەزار کەس لە غەززە پەنایان بۆ قوتابخانەکان بردووە.
هاوکات، پێکدادان لەنێوان سوپای ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس لەناوچەکانی سیدۆرت و عەسقەلان و پێنج ناوچەی دیکەی کەناری غەززە بەردەوامە.
ئاژانسی رۆیتەرز ئاشکرایکردووە، ژمارەی ئەو ئیسرائیلیانەی لەلایەن گرووپە فەڵەستینییەکانەوە بەدیل گیراون 150 کەسی تێپڕاندووە و تا ئێستاش 700 ئیسرائیلیش بێسەروشوێنن.
رۆژی شەممە (7ـی تشرینی 2023) باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جولەکەنشینەکان کرد و ژمارەیەک چەکداری فەڵەستینیش تەلبەندی سنووری نێوان کەرتی غەززە و کۆمەڵگە جولەکەنشینەکانیان بڕی و لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیل شەڕی کۆڵان بە کۆڵانیان دەستپێکرد.
لە بەرانبەردا، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل جەنگی دژی حەماس و گرووپە چەکدارەکانی فەڵەستین راگەیاند و داوای لە دانیشتوانی غەززە کرد ناوچەکانیان چۆڵ بکەن، دواتریش سوپای وڵاتەکەی هێرشی زەمینی و ئاسمانی بۆ سەر غەززە دەستپێکرد.