ئیسرائیل داوا لە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی دەکات دەستبەجێ میسر بەجێبهڵێن
K24 - هەولێر:
ئەو هاووڵاتییە ئیسرائیلیانەی بۆ گەشت یان بۆ هەر مەبەستێکی دیکە چوونەتە میسر، لەلایەن حکومەتی ئیسرائیلەوە داوایان لێکرا، دەستبەجێ میسر بەجێبهێڵن، بەتایبەتی نیمچەدوورگەی سینا.
وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا داوای لە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی کرد میسر بەجێبهێڵن، ئەمەش دوای هێرشێکی چەکداری بۆ سەر ژمارەیەک گەشتیاری ئیسرائیلی لەو وڵاتە، کە بەهۆیەوە دوو ئیسرائیلی و هاووڵاتییەکی میسری کوژران.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە: پێشنیاز دەکەین ئەو هاووڵاتییە ئیسرائیلیانەی ئێستا لە میسر و سینا نیشتەجێن، بە زووترین کات وڵاتەکە بەجێبهێڵن.
ئاماژە بەوەشدرا، ترسی ئەوە هەیە هاندەری هێرشە تیرۆریستییەکان بۆ سەر ئیسرائیلییەکان لە وڵاتە جیاوازەکانی جیهاندا روو لە زیادبوون بکەن.
وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل داوای لە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی کرد، خۆیان بەدوور بگرن لە گەشتکردن، بەتایبەتی بۆ وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
دوێنێ یەکشەممە 8ـی ئۆکتۆبەر، پۆلیسێک لە ناوچەیەکی گەشتیاریی شاری ئەسکەندەرییە، دەستڕێژی گوللـەی لە ژمارەیەک گەشتیاری ئیسرائیلی کرد، بەهۆیەوە دوو گەشتیاری ئیسرائیلی و هاوڵاتییەکی میسری کوژران، دواتریش تەقەکەرەکە دەستگیرکرا.
رۆژی شەممە (7ـی تشرینی 2023) باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جولەکەنشینەکان کرد و ژمارەیەک چەکداری فەڵەستینیش تەلبەندی سنووری نێوان کەرتی غەززە و کۆمەڵگە جولەکەنشینەکانیان بڕی و لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیل شەڕی کۆڵان بە کۆڵانیان دەستپێکرد.
لە بەرانبەردا، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل جەنگی دژی حەماس و گرووپە چەکدارەکانی فەڵەستین راگەیاند و داوای لە دانیشتوانی غەززە کرد ناوچەکانیان چۆڵ بکەن، دواتریش سوپای وڵاتەکەی هێرشی زەمینی و ئاسمانی بۆ سەر غەززە دەستپێکرد.