واشنتن پۆست: ئیسرائیل هێرشی زەمینی بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێدەکات

سەربازانی ئیسرائیل
سەربازانی ئیسرائیل

K24 - هەولێر

رۆژنامەی "واشنتن پۆست" بە پشتبەستن بە سەرچاوەکانی حکومەتی ئەمەریکا بڵاویکردەوە، سوپای ئیسرائیل لە ماوەی یەک دوو رۆژدا زۆرترین هێرش دەکاتە سەر کەرتی غەززە.

بەگوێرەی رۆژنامەی "واشنتن پۆست" ئیدارەی ئەمەریکا پێی وایە سوپای ئیسرائیل لە ماوەی 24 تا 48 کاتژمێری داهاتوودا هێرشێکی زەمینی بەرفراوان بۆ سەر کەرتی غەززە دژی بزووتنەوەی حەماس دەستپێدەکات.

رۆژنامەکە جەختیکردەوە، کە ئیسرائیل داوای هاوکاریی لە ئەمەریکا کردووە، لە بواری ئاڵوگۆڕی زانیاری هەواڵگری، بەتایبەتی سەبارەت بە دۆخی باشووری لوبنان.

رۆژی شەممە، حەماس ئۆپەراسیۆنی "زریانی ئەقسا"ـی بۆسەر ئیسرائیل دەستپێکرد زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد.

لای خۆیەوە سوپای ئیسرائیل لە وەڵامی هێرشەکەدا ئۆپەراسیۆنی شمشێری ئاسنینی دەستپێکرد و هێرشی کردە سەر کەرتی غەززە، هاوکات بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل داوای لە فەڵەستینییەکان کرد غەززە بەجێبهێڵن و هەڕەشەی لەناوبردنی بزووتنەوەی حەماس و گۆڕینی غەززەی کرد.