ئەرجەنتین: زیاتر لە 20 هاووڵاتیمان لە ئیسرائیل کوژراون و بێسەروشوێن بوون

K24 - هەولێر

ئەرجەنتین رایگەیاند، حەفت هاووڵاتی وڵاتەکەی بەهۆی هێرشەکانی حەماس لە ئیسرائیل کوژراون، لە کاتێکدا نزیکەی 15 هاووڵاتی دیکە بێسەروشوێن بوون.

سانتیاگۆ کافیرۆ، وەزیری دەرەوەی ئەرجەنتین رایگەیاند، نزیکەی 625 هاووڵاتی ئەرجەنتینی لە ئیسرائیل داوای گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان کردووە، هەروەها حەفت هاووڵاتیشی کوژراون و 15ـی دیکەش بێسەروشوێنن.

چەندین وڵات لە رووداوەکانی ئەم دواییەی نێوان غەززە و ئیسرائیل، کوشتن و بێسەروشوێن بوونی هاووڵاتییەکانیان راگەیاندووە، لەوانە هاووڵاتییەکی رووسیا کوژراوە و چواری دیکەش بێسەروشوێنن بوونە، بەهەمان شێوە فەڕەنسا دوو کوژراو و 14 بێسەروشوێنبوونی راگەیاندووە، ئیتاڵیاش بێسەروشوێن بوونی ژن و مێردێکی ئاشکراکرد، هەروەها ئەمەریکاش ئاماژەی بەوەکرد، 11 هاووڵاتی کوژراون و ژمارەیەکیش بێسەروشوێن بوونە.

میدیاکانی بەریتانیا رایانگەیاند، لانیکەم 10 بەریتانی لە ئیسرائیل بەهۆی هێرشەکانی حەماسەوە، کوژراون یان بێسەروشوێنن، لەلایەکی دیکەوە باڵیۆزخانەی نیپاڵ لە تەلئەبیب بڵاویکردووەتەوە، کۆمەڵێک لە هاووڵاتیانی ئەو وڵاتە بێسەروشوێنن.

هەروەها وەزارەتی دەرەوەی تایلەندیش رایگەیاند، کە 12 هاووڵاتی تایلەندی کوژراون و هەشت هاووڵاتی دیکە برینداربوون و 11ی دیکەش بە بارمتە گیراون.

لەرۆژی شەممەی رابردووەوە، بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی مووشەکی بەرفراوانی کردە سەر ئیسرائیل بەسەدان کەس کوژران و بریندار بوون، لەبەرامبەریشدا ئیسرائیل بە چڕی بۆردوومانی کەرتی غەزە دەکات.

Fly Erbil Advertisment