فەرماندەیەکی سوپای ئیسرائیل لە سنووری لوبنان کوژرا
K24 - هەولێر:
گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لەرووبەڕووبوونەوەی چەکدارانی حیزبوڵڵا لە سنووری لوبنان فەرماندەیەکیان کوژراوە.
دانیڵ هاگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل راشیگەیاند، ژمارەیەک چەکداری حیزبوڵڵای لوبنانی هەوڵی دزەکردنیان بۆ خاکی ئیسرائیل داوە، بەهۆیەوە رووبەڕووبوونەوە دروستبووە و فەرماندەکەیان کوژراوە، لە بەرانبەردا بارەگاکانی حیزبوڵڵایان بەچڕی بۆردومانکردووە.
گوتەبێژی سوپای ئسرائیل ئاماژەی بەوەشدا، سەرجەم بەرەکانی نزیکی کەرتی غەززەیان چۆڵکردووە چونکە وەک ناوچەی جەنگ مامەڵەی لەگەڵ دەکەن و ناوچەکەیان لە چەکدارانی حەماس پاککردووەتەوە.
دانیڵ هاگاری راشیگەیاند، سەرجەم خەڵکی ئیسرائیل دڵنیادەکەنەوە کە بەردەوام دەبن لەدابینکردنی ئارامی بۆیان و سەرکوتکردنی تیرۆرستان، بۆ ئەم مەبەستەش سوپا و پۆلیسیان خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.
کاتژمێر شەشی بەرەبەیانی رۆژی (7ـی تشرینی یەکەمی 2023) کەتیبەکانی قەسامی باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماس بەهاوبەشی لەگەڵ سەرایا قودس، هەڵمەتی "زریانی ئەقسا"یان بۆسەر ئیسرائیل دەستپێکرد و لە راگەیەندراوێکدا بڵاویانکردەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکییان ئاراستەی هەریەکە لە شارەکانی تەلئەڤیڤ و سیدۆرت و بیئر سەبع کردووە، بەهۆیەوە زیانێکی زۆریان لەو شارانەی ئیسرائیل داوە.
بە گوێرەی هەواڵێكی ئاژانسی رۆیتەرز، جگە لە هێرشی مووشەکی بۆ سەر ئیسرائیل، ژمارەیەک چەکداری حەماسیش چوونەتە نێو سنوورەکانی ئیسرائیل و لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە شەڕی کۆڵان بە کۆڵانیان دەستپێکرد.
لە بەرانبەردا بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل جەنگی دژی گرووپە چەکدارەکانی فەڵەستین راگەیاند و هاووڵاتییانی کەرتی غەززەی ئاگادار کردەوە لەوەی، ناوچەکە بەجێبهێڵن.
بەهۆی هێرشەکانی چەکدارانی حەماس و سوپای ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەکانی یەکدی، تا ئێستا نزیکەی دوو هەزار کەس کوژراون و زیاتر لە پێنج هەزار کەسیش بریندار بوون.
جگە لە چەکدارانی گرووپە فەڵەستینییەکان، حیزبوڵڵای لوبنانیش لە سنووری نێوان لوبنان و ئیسرائیلەوە، چەند جارێک بە مووشەک هێرشی کردووتە سەر ناوچەکانی ژێردەستی ئیسرائیل و چەکدارەکانی حیزبوڵڵا هەوڵییان داوە دزە بکەنە ناوچەکانیانەوە.