سوپای ئیسرائیل: زیاتر لە هەزار تەرمی چەکدارانی حەماس دۆزراونەتەوە
K24 - هەولێر
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، نزیکەی هەزار و 500 تەرمی چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس لە ئیسرائیل و دەوروبەری غەززە دۆزراونەتەوە، لە کاتێکدا سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لە بۆردومانکردنی کەرتی غەززە.
ئەمڕۆ سێشەممە، ریچارد هێخت، گوتەبێژی سەربازیی ئیسرائیل بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، "نزیکەی هەزار و 500 تەرمی چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس لە ئیسرائیل و دەوروبەری کەرتی غەززە دۆزراونەتەوە"، ئاماژەی بەوەشکرد، هێزە ئەمنییەکان "تاڕادەیەک سنوورەکانیان لەگەل غەززە کۆنترۆڵکردووەتەوە".
ئاماژەی بەوەشکرد، دەزانین لە شەوی ڕابردووەوە کەس نەهاتووەتە ژوورەوە، بەڵام هێشتا دەکرێت دزەکردن رووبدات.
هێخت جەختیکردەوە، سوپا بۆ چۆڵکردنی سەرجەم دانیشتووانی ناوچە سنوورییەکان خەرئیکە تەواو دەبێت، روونیشیکردەوە، سوپا 35 فەوجی لە ناوچەی سنووری جێگیرکردووە.
لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەشکرد، ئێمە ژێرخان بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی داهاتوو دروست دەکەین.
بەرەبەیانی رۆژی شەممەی رابردوو، حەماس هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر ئیسرائیل، کە بووە هۆی کوژرانی 900 کەس لەو وڵاتە. ئیسرائیلیش وەڵامی بزووتنەوەی حەماسی بە هێرشی ئاسمانی دایەوە، کە تا ئێستا 687 کەس لە کەرتی غەززە کوژراون.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، سوپای ئیسرائیل ئەو شوێنانەی بۆردومان کرد، کە بە گوتەی خۆی ئامانجەکانی حەماسە، بەتایبەتی گەڕەکی رمال لە شاری خان یونس لە باشووری کەرتی غەززە.