دوای هێرشی چەکدارانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل چەند بیانی بێ‌سەرشوێن بوون؟

K24 - هەولێر:

لەنێو قوربانییەکانی شەڕی نێوان حەماس و سوپای ئیسرائیل، ژمارەیەک هاووڵاتی بیانی هەن کە بەشێکیان کوژراون و هەندێکیشیان تا ئێستا بێ‌سەرشوێنن.

بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵێن، زیاتر لە 100 هاووڵاتی بیانی لەلایەن چەکدارە فەڵەستینییەکانەوە رفێندراون، بزووتنەوەی حەماسیش دەڵێت ژمارەیان گەیشتووەتە 130 کەس.

کەناڵی بی بی سی بەریتانی لەسەر زاری سەرچاوەیەکی فەرمی بڵاویکردەوە، لە هێرشی چەکدارانی گرووپە فەڵەستینییەکان بۆ سەر ئیسرائیل، زیاتر لە 10 هاووڵاتی بەریتانی کوژران یان بێ‌سەرشوێنن.

شانی لوک، کچێكی ئەڵمانی-ئیسرائیلییە کە بۆ گەشت سەردانی ئیسرائیلی کردبوو بۆ بەشداریکردن لە فێستیڤاڵی سوپەرنۆڤا و لە یەکەم رۆژی هێرشەکەدا لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە کوژرا.

ماتیو میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کوژرانی نۆ هاووڵاتی وڵاتەکەی لە ئیسرائیل پشتڕاستکردەوە.

هەروەها سەربازێکی سوپای ئیسرائیل کە لەهەمانکاتدا هەڵگری رەگەزنامەی فەرەنسییە و تەمەنی 20 ساڵە، لە هێرشی چەکدارانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، کوژراوە.

بە گوێرەی لێدوانی بەرپرسانی فەرەنسا، تا ئێستا دەیان هاووڵاتی فەرەنسی لە ئیسرائیل بێسەرشوێنن.

باڵیۆزی نیپاڵ لە تەل‌ئەڤیڤ ئاماژەی بەوەدا، 10 هاووڵاتی نیپاڵی لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە کوژراون.

لەلای خۆیەوە، هون مانێت، سەرۆکوەزیرانی کامبۆدیا کوژرانی خوێندکارێکی وڵاتەکەی لە هێرشەکەی سەر ئیسرائیل پشتڕاستکردەوە.

دوای هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، کانشانا باتاراتشوک، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تایلاند رایگەیاند، 12 هاووڵاتی وڵاتەکەی لە ئیسرائیل کوژراون و هەشتی دیکەش بریندار بوون، هەروەها 11 تایلاندی بە بارمتە گیراون.

سانتیاگۆ کافیرۆ، وەزیری دەرەوەی ئەرجەنتین رایگەیاند، نزیکەی 625 هاووڵاتی ئەرجەنتینی لە ئیسرائیل داوای گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان کردووە، هەروەها حەفت هاووڵاتیشی کوژراون و 15ـی دیکەش بێسەروشوێنن.

کاتژمێر شەشی بەرەبەیانی رۆژی (7ـی تشرینی یەکەمی 2023) کەتیبەکانی قەسامی باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماس بەهاوبەشی لەگەڵ سەرایا قودس، هەڵمەتی "زریانی ئەقسا"یان بۆسەر ئیسرائیل دەستپێکرد و لە راگەیەندراوێکدا بڵاویانکردەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکییان ئاراستەی هەریەکە لە شارەکانی تەلئەڤیڤ و سیدۆرت و بیئر سەبع کردووە، بەهۆیەوە زیانێکی زۆریان لەو شارانەی ئیسرائیل داوە.

بە گوێرەی هەواڵێكی ئاژانسی رۆیتەرز، جگە لە هێرشی مووشەکی بۆ سەر ئیسرائیل، ژمارەیەک چەکداری حەماسیش چوونەتە نێو سنوورەکانی ئیسرائیل و لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە شەڕی کۆڵان بە کۆڵانیان دەستپێکرد.

چەکدارانی حەماس لە یەکەم رۆژی هێرشەکەیاندا بۆ سەر ناوچەکانی ژێردەستی ئیسرائیل، چوونە نێو فێستیڤاڵی میوزیکی سوپەرنۆڤا و زیاتر لە 250 ئامادەبووی فێستیڤاڵەکەیان کوشت و نزیکەی 100 کەسیشیان رفاند.

لە بەرانبەردا بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل جەنگی دژی گرووپە چەکدارەکانی فەڵەستین راگەیاند و هاووڵاتییانی کەرتی غەززەی ئاگادار کردەوە لەوەی، ناوچەکە بەجێبهێڵن.

بەهۆی هێرشەکانی چەکدارانی حەماس و سوپای ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەکانی یەکدی، تا ئێستا نزیکەی دوو هەزار کەس کوژراون و زیاتر لە پێنج هەزار کەسیش بریندار بوون.