ناسر کەنعانی: وه‌ڵاممان وێرانكه‌ر ده‌بێت بۆ هەر کردەوەیەکی ئیسرائیل دژ بە ئێران

ناسر كه‌نعانى، گوته‌بێژى وەزارەتی دەرەوەی ئێران
ناسر كه‌نعانى، گوته‌بێژى وەزارەتی دەرەوەی ئێران

K24 – هەولێر:

وەزارەتی دەرەوەی ئێران هۆشدارى ده‌داته‌ ئیسرائیل له‌وه‌ى هه‌ر کاردانەوەیەک لە دژی وڵاتەکەی جێبەجێ بکات و هەڕەشەی ئەوەش دەکات، لە ئەگەری هەر جوڵەیەکی ئیسرائیل دژ بە ئێران، کاردانەوەیان وێرانکەر دەبێت.

رۆژی سێشەممە (10ـی تشرینی یەکەمی 2023) ناسر كه‌نعانى، گوته‌بێژى وەزارەتی دەرەوەی ئێران له‌ كۆنفرانسێکی رۆژنامه‌وانى لە تاران رایگەیاند، "هه‌ر کردەوەیەکی گه‌مژانه‌ى ئیسرائیل دژى كۆمارى ئیسلامى ئێران، به‌ وه‌ڵامێكى وێرانكه‌ر پێشوازى لێده‌كرێت".

گوته‌بێژى وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەشکرد، توڕه‌یى ئه‌مەریكا و هه‌ندێک له‌ وڵاتانى ئه‌وروپا و به‌ تاوان سه‌یركردنى مافی به‌رگریكردن ره‌تده‌كه‌ینه‌وه‌ و داواشى له‌ جیهانى ئیسلامیى كرد، "پشتیوانى له‌ فه‌ڵه‌ستینییەکان بكه‌ن به‌رامبه‌ر دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل".

پێشتریش عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران پشتیوانی ئێرانی بۆ فەڵەستین دووپاتکردەوە و رایگەیاند، "ئەو دەستکەوتەی لەم چەند رۆژە لەسەر دەستی گەنجانی بوێری فەڵەستین بەدەستهاتووە، ئومێد دەکەن ببێتە هەنگاوێک بۆ رزگارکردنی فەڵەستین".

سەبارەت بە تۆمەتبارکردنی بەوەی لە پشت هێرشەکەی سەر ئیسرائیلەوەیە، خامنەیی گوتی، "پشتیوانانی رژێمی ئیسرائیل و بەشێک لە بەرپرسانی رژێمەکەش لەم چەند رۆژەدا قسە لە سەر ئەوە دەکەن، گوایە کۆماری ئیسلامی ئێران لە پشتی هێرشەکەوەیە، هەڵەن، ئێمە بەرگری لە فەڵەستین و لە بەرەنگاربوونەوەی ئیسرائیل دەکەین، دەست و نێوچەوانی پلانداڕێژەرانی هۆشمەند و گەنجانی بوێری فەڵەستینی ماچ دەکەین و شانازییان پێوە دەکەین".

هەرچەندە دوای دەستپێکردنی رووداوەکانی غەززە، ئێران بە فەرمی رەتیکردەوە پەیوەندی هەبێت بە هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، لەلایەن خۆیەوە، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا رۆژی شەممە (7ـی تشرینی یەکەمی 2023) هۆشداریدایە هەر لایەنێکی دیکە کە بۆ دژایەتیکردنی ئیسرائیل، هێرشەکانی حەماس بقۆزێتەوە.

رۆژی شەممە (7ـی تشرینی 2023) باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جولەکەنشینەکان کرد و تەلبەندی سنووری نێوان کەرتی غەززە و کۆمەڵگە جولەکەنشینەکانیان بڕی.

بەگوێرەی ئامارەکانی میدیا ئیسرائیلییەکان (تا کاتژمێر 18ـی رۆژی سێشەممە) نزیکەی هەزار ئیسرائیلی لە سەرباز و هاووڵاتی مەدەنی کوژراون و نزیکەی دوو هەزار و 700 کەسی دیکەش برینداربوون، لە بەرامبەریشدا، بەپێی ئامارەکانی تەندروستی غەززە، نزیکەی 830 هاووڵاتی فەڵەستینی کوژراون و نزیکەی لە چوار هەزار و 250 کەسی دیکەش برینداربوون لە ئەنجامی بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە.