سوپاى ئیسرائیل: حه‌ماس ده‌رگاى دۆزه‌خی له‌سه‌ر خۆی كرده‌وه
سوپاى ئیسرائیل: تەرمی زیاتر لە 1500 چەکداری حەماس لە دەوروبەری غەززە جێماوە
K24 – هەولێر:
جێگرى گوته‌بێژى سوپاى ئیسرائیل هۆشدارى ده‌داته بزووتنه‌وه‌ى حه‌ماس و لایه‌نه فه‌ڵەستینییه‌كان بەوەی ئێستا لە غەززە روودەدات سەرەتایە و ئاماژەی بەوەشکردووە، حه‌ماس بە هێرشکردنە سەر ئیسرائیل ده‌رگاى دۆزه‌خی له‌سه‌ر خۆی كرده‌وه.
رۆژی سێشه‌ممه (10ـى تشرینى یه‌كەمى 2023) رائید ئیلا واویه، جێگرى گوته‌بێژى سوپاى ئیسرائیل رایگه‌یاند، "ئه‌وه‌ى ئێستا له غه‌ززه روودەدات ته‌نیا سه‌ره‌تایه و به‌رپرسیاریەتی دروستبوونى ئه‌و دۆخه خراپه‌ى غه‌ززەی خستە ئەستۆی بزووتنه‌وه‌ى حه‌ماس.
له‌باره‌ى بەردەوامبوونی هێرشەکانی ئیسرائیل، جێگرى گوته‌بێژى سوپاى ئیسرائیل ئاماژەی بەوەکرد، "بەكورتى و پوختى رایده‌گه‌یه‌نم كه ئه‌وه ته‌نها سه‌ره‌تایه، ئه‌و قسه‌یه دروشم نییه".
رائید ئیلا گوتیشی، "هیچ په‌یوه‌ستیه‌كمان به كاتێكى دیاریكراو نییه و گومانمان له توانا سه‌ربازییه‌كانمان نییه، تا كۆتایى به‌رده‌وام ده‌بین، كۆتاییه‌كه‌ش بۆ حه‌ماس و رێكخراوه‌كانى دیكه‌ى فه‌ڵه‌ستین له كه‌رتى غه‌ززه زۆر خراپ ده‌بێت".
سه‌باره‌ت به توانا و پلانى شه‌ڕكردنى ئیسرائیل له‌پێناو رزگاركردنى ئه‌و کەسانەی لەلایەن حەماسەوە له كه‌رتى غه‌ززه بەدیل گیراون، جێگرى گوته‌بێژى سوپاى ئیسرائیل جەختی کردەوە، ئیسرائیل هه‌موو هەوڵێکی پێویست دەدات بۆ پاراستنى گیانى ته‌واوى هاووڵاتییەکانی.
ئیلا واویه ئاشکراشیکرد، سوپاى ئیسرائیل كۆنتڕۆڵى تەواوی ناوچه‌كانى ده‌وروبه‌رى غه‌ززه‌یان كردووتەوە کە پێشتر چەکدارانی حەماس دەستیان بەسەردا گرتبوو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كوژرانی زیاتر له هەزار و 500 چه‌كدارى حەماسی راگه‌یاند.
جێگرى گوته‌بێژى سوپاى ئیسرائیل بزووتنه‌وه‌ى حه‌ماسى به ده‌ستپێشخه‌رى شه‌ڕه‌كه له ناوچه‌كه زانى و گوتى:"ئه‌وان ده‌رگاى دۆزه‌خیان له‌سه‌ر خۆیان كرده‌وه".
له‌باره‌ى به‌ئامانج گرتنى دامه‌زراوه مه‌ده‌نییه‌كان و خه‌ڵكى سڤیل له كه‌رتى غه‌ززه ئیلا واویە، باسی لەوەکرد، حه‌ماس خه‌ڵكى سڤیل له غه‌ززه وه‌ك قه‌ڵغانی مرۆیى به‌كاردێنێت و گوتیشی، "هه‌موو چه‌ك و تواناى حه‌ماس خۆ‌شاردانەوەیە له‌نێو خه‌ڵكیدا".
رۆژی شەممە (7ـی تشرینی 2023) باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جولەکەنشینەکان کرد و تەلبەندی سنووری نێوان کەرتی غەززە و کۆمەڵگە جولەکەنشینەکانیان بڕی.
بەگوێرەی ئامارەکانی میدیا ئیسرائیلییەکان (تا کاتژمێر 19ـی رۆژی سێشەممە) نزیکەی هەزار ئیسرائیلی لە سەرباز و هاووڵاتی مەدەنی کوژراون و نزیکەی دوو هەزار و 700 کەسی دیکەش برینداربوون، لە بەرامبەریشدا، بەپێی ئامارەکانی تەندروستی غەززە، نزیکەی 830 هاووڵاتی فەڵەستینی کوژراون و نزیکەی لە چوار هەزار و 250 کەسی دیکەش برینداربوون لە ئەنجامی بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە.