بایدن: چەک و مووشەک بۆ ئیسرائیل دەنێرین بۆ ئەوەی بەرگری لەخۆی بکات

جۆ بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا. وێنە:AP
جۆ بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا. وێنە:AP

K24 – هەولێر:

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا رایدەگەیەنێت، حەماس رێکخراوێکی تیرۆستییە و ئامانجی کووشتنی جوولەکەکانە، هەروەها تاوانی دژی هاووڵاتییانی سڤیل ئەنجامداوە.

ئەمڕۆ سێشەممە (10ـی تشرینی یەکەمی 2023) جۆ بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، رایگەیاند، لە هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، 14 هاووڵاتیی ئەمەریکی کوژراون، هەروەها حەماس رێکخراوێکی تیرۆستییە و ئامانجی کووشتنی جووەکانە.

هاوکات راشیگەیاند، پاڵپشتییەکانمان بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل بەردەوام دەبێت، دەشڵێت: بە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلم گوت، دەبێت وەڵامی ئیسرائیل یەکلاکەرەوە بێت.

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، ئاماژەی بەوەدا، حەماس تاوانی دژی هاووڵاتییانی سڤیل ئەنجامداوە، هەروەها حەماس بەرگری لە خاکەکەی ناکات و هیچ پاساوێک بۆ ئەوەی کردووەیەتی نییە.

جۆ بایدن، گوتی: حەماس چەند هاووڵاتییەکی ئەمەریکیشی بە دیل گرتووە. سەرنجی بۆ ئەوەش راکیشا، توانا سەربازییەکانمان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاد دەکەین.

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، گوتیشی: چەک و مووشەک بۆ ئیسرائیل دەنێرین بۆ ئەوەی بەرگری لەخۆی بکات، هەروەها ئێمە رێگەنادەین رق و کینەی ئایینی  دروست بێت.

جۆ بایدن، ئاماژەی بەوەشکرد، کەشتیگەلی جیراڵد فۆردیان بۆ پشتیوانی هێزی دەریایی لە ناوچەکە جووڵاند.

کاتژمێر 6:00ـی بەرەبەیانی رۆژی (شەممە 7ـی تشرینی یه‌كه‌می 2023)، باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماس بە هاوبەشی لەگەڵ سەرایا قودس، هەڵمەتی (گەردەلوولی ئەقسا)یان بۆسەر ئیسرائیل دەستپێکرد و ته‌لئه‌ڤیڤ به‌ڵێنیدا به‌ هێزه‌وه‌ وه‌ڵام بداته‌وه‌.

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كانیش، ژماره‌ی كوژراوانی هێرشه‌كه‌ی باڵی سه‌ربازی بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس بۆسه‌ر چه‌ند ناوچه‌یه‌كی جیاوازی ئیسرائیل، له‌ 1000 كه‌س نزیك ده‌بێته‌وه‌.

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی فه‌ڵه‌ستینیش ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ بڵاویكرده‌وه‌، ژماره‌ی گیانله‌ده‌ستدانی هێرشه‌كه‌ی ئیسرائیل بۆسه‌ر كه‌رتی غه‌‌زه‌، گه‌یشتووه‌ته‌ سه‌رووی 850 كه‌س و برینداربوونی زیاتر له‌ 4450 كه‌س.