رۆژنامەیەکی بەریتانی چەند زانیارییەک لەسەر پاسپۆرتی دۆمێنیکا ئاشکرا دەکات

پاسپۆرتی دۆمێنیکا
پاسپۆرتی دۆمێنیکا

K24 - هەولێر:

رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی لە راپۆرتێکیدا پاسپۆرتی دیمۆمێنیکدا بە "پاسپۆرتی ئاڵتونی" ناودەبات و دەڵێت: حکومەتی دۆمێنیکا لە 2009ـەوە تا ئێستا هەزاران پاسپۆرتی فرۆشتووە، لەنێو کڕیارانی ئەو پاسپۆرتەش، سیخوڕێکی پێشووی ئەفغانستان و عەقیدێکی پێشووی لیبیا و ئەندازیارێکی عێراقی هەیە.

رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی و 14 رێکخراوی نێودەوڵەتی میدیایی دیکە بە هاوبەشی لەگەڵ پرۆژەی بە راپۆرتکردنی تاوانە رێکخراوەکان و گەندەڵی (OCCRP) لێکۆڵینەوەیان لە وردەکارییەکانی پاسپۆرتی دۆمێنیکا کردووە و بۆیان دەرکەوتووە، کە بەرپرسانی ئەو وڵاتە بە فرۆشتنی پاسپۆرتی دۆمێنیکا، لە 2009ـەوە تا ئێستا زیاتر لە یەک ملیار دۆلاریان پەیدا کردووە.

پاسپۆرتی دۆمێنیکا یەکێکە لەو پاسپۆرتانەی کە لە جیهاندا خواستێکی زۆری لەسەرە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی هەڵگرانی ئەم پاسپۆرتە دەتوانن بەبێ ڤیزا، گەشت بۆ 140 وڵات بکەن، لەنێویاند زۆرینەی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا، ئەو کەسەشی بیەوێت ئەم پاسپۆرتە بکڕێت، دەبێت لانیکەم 100 هەزار دۆلار بدات.

گاردیان لە راپۆرتەکەیدا ئەوەی خستووەتەڕوو، دۆمێنیکا کە ژمارەی دانیشتوانی سەروو 70 هەزار کەسە، لە 2007ـەوە حەوت هەزار و 700 پاسپۆرتی فرۆشتووە، ئاماژەی بەوەشداوە، پێشبینی دەکرێت ژمارەکە زۆر لەوە زیاتر بێت.

بە گوێرەی راپۆرتەکەی گاردیەن، یەکێک لە کڕیارانی ئەو پاسپۆرتە، پێش ئەوەی پاسپۆرتەکەی بەدەستبهێنێت، بەشێوەیەکی فەرمی بە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ تۆمەتبار کراوە، یەکێکی دیکەش لەو کڕیارانە، عەقیدێکی پێشووی لیبیایە کە لەسەردەمی موعەمەر قەزافی یەکێک بووە لە بەرپرسە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە.

لەنێو کڕیارانی ئەم پاسپۆرتەدا کە گاردیان لە لێکۆڵینەوەکاندا چاوی بە ناوەکانیان کەوتووە، ئەسەدوڵڵا خالید هەیە کە ماوەیەک وەزیری بەرگری ئەفغانستان بووە چەند ساڵیکیش بەرپرسی دەزگای هەواڵگری ئەو وڵاتە بووە.

ئەسەدوڵڵا خالید، کە ساڵی 2017 پاسپۆرتی دۆمێنیکای بەدەستهێناوە، لە 2012 لەلایەن حکومەتەکانی بەریتانیا و کەنەداوە تۆمەتبار کراوە بە ئەشکەنجەدانی خەڵکی و بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە.

عودەی نەدیر عەبدولکەریم ئەلقورەیشی، کە ئەندازیارێکی عێراقییە و لەبواری نەوتدا کاری کردووە، یەکێکی دیکەیە لە هەڵگرانی ئەم پاسپۆرتە و لە 2016 بەوە تۆمەتبار کراوە، کە لە ساڵانی 2009 بۆ 2011 لە هەندێک گرێبەستی نەوتیدا بەرتیلی وەرگرتووە و، دواتریش بەهۆی ئەو تۆمەتەوە لە عێراق فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە.

عودەی نەدیر لەرێگەی ئیمەیڵەوە وەڵامی پرسیارەکانی رۆژنامە بەریتانییەکەی داوەتەوە و ئاماژەی بەوەداوە، پێش ئەوەی تۆمەتبار بکرێت، بەهۆی "کێشەی ئەمنی و نەتەوەییەوە" عێراقی بەجێهێشتووە و لەکاتێکی گونجاودا کە دۆخی ئەمنی رێگە بدات، ئەو بابەتە یەکلایی دەکاتەوە.

گاردیان راشیگەیاند، دۆمینیکا بۆ دابینکردنی بودجەی خزمەتگوزارییە گشتییەکانی زۆر پشتی بە فرۆشتنی پاسپۆرت بەستووە و ئەم سەرچاوەی داهاتە نزیکەی نیوەی سەرجەم داهاتەکانی حکومەت پێکدەهێنێت.

جێی ئاماژە پێدانە، ژماره‌یه‌ك كۆمپانیا لە هەرێمی کوردستان ماوه‌ی چەند ساڵێکە لەرێگەی پێشکەشکردنی مامەڵەی بازرگانی و وەبەرهێنان لە وڵاتی دۆمێنیکا، پاسپۆرت و مافی هاووڵاتیبوون بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان وەردەگرن.