گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل: ژمارەی کوژراوانمان بەرزبووەتەوە
K24 - هەولێر
ژمارەی کوژراوانی ئیسرائیل لە شەڕی لەگەڵ حەماس، بەرزبووەتەوە، ئەمەش رۆژێک دوای ئەوە دێت کە سوپای ئیسرائیل کۆنترۆڵکردنەوەی بەشێک لەو ناوچانەی راگەیاندبوو کە بزووتنەوەی حەماس دەستی بەسەرداگرتبوو.
ئەفیخای ئەدرەعی، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل ئەمڕۆ چوارشەممە، رایگەیاند، لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرشە لەناکاوەکەی بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، هەزار و 200 هاووڵاتی ئیسرائیلی لە شەڕی دژی حەماسدا کوژراون، ئاماژەی بەوەشدا، کە ژمارەی کوژراوانی پێشوو زیاتر لە هەزار کەس بووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە شەوی سێشەممە و چوارشەممەدا، دەیان فڕۆکەی شەڕکەر زیاتر لە 200 ئامانجیان لە گەڕەکێکی شاری غەززە بۆردومان کردووە.
گوتبێژەکەی سوپای ئیسرائیل باسی لەوەکرد، ئێوارەی رۆژی سێشەممە، خاکی سووریایان بۆردومان کردووە، ئەمەش لە کاردانەوەی ئەوەی لە سووریا تەقە ئاراستەی بەرزاییەکانی جۆلان کراوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ یەکەم فڕۆکەی هاوکاری سەربازی ئەمەریکا گەیشتە ئیسرائیل، دوای ئەوەی واشنتن رایگەیاند، پێداویستی سەربازی نوێ دەنێرێت بۆ هاوپەیمانەکەی بۆ بەرەنگاربوونەوەی چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس.
بەرەبەیانی رۆژی شەممەی رابردوو، بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر ئیسرائیل، بەسەدان کوژراو و برینداری لێکەوتەوە، لەبەرامبەریشدا ئیسرائیل بەچڕی بۆردومانی کەرتی غەززە دەکات، بەسەدان فەڵەستینی کوژراون زیاتر لە چوار هەزار کەسیش برینداربوون.