نوێنەری پارتی لە میشیگەن: ئەمەریکا دەیەوێت پەرە بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بدات

ئومێد حەمەعەلی جاف، نوێنەری پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری دیترۆیتی ویلایەتی میشیگەنی ئەمەریکا
ئومێد حەمەعەلی جاف، نوێنەری پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری دیترۆیتی ویلایەتی میشیگەنی ئەمەریکا

K24 - هەولێر

نوێنەری پارتی لە ویلایەتی میشیگەنی ئەمەریکا رایدەگەیەنێت، "ئەمەریکا دەیەوێت لە بوارە جیاوازەکاندا پەرە بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بدات و بەرپرسانی واشنتن چەندین جار پشتیوانی خۆیان بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگە دووپاتکردووەتەوە". 

رۆژی چوارشەممە، 11ـی ئۆکتۆبەری 2023، ئومێد حەمەعەلی جاف، نوێنەری پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری دیترۆیتی ویلایەتی میشیگەنی ئەمەریکا لەبارەی پەیوەندییەکانی هەولێر و واشنتن لە رووی ئابووری و سیاسییەوە؛ هاتنی بازرگانە ئەمەریکییەکان بۆ هەرێمی کوردستان بە مەبەستی ئەنجامدانی وەبەرهێنان لە کەرتە جیاوازەکاندا؛ هەناردەکردنی بەرهەمە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمەریکا و چەند پرسێکی دیکەی پەیوەست بە هەردوو وڵات، قسەی بۆ کوردستان24 کرد.

لەبارەی ژمارەی ئەو هاووڵاتییە عێراقییانەی لە شاری دیترۆیتی ئەمەریکا دەژین، ئومێد حەمە عەلی ئاماژەی بەوە کرد،  "نزیکەی سێ هەزار کورد، 250 هەزار کریستیان، زیاتر لە 25 هەزار عەرەبی سووننە، 35 هەزار عەرەبی شیعە و دەیان هەزار عەرەب لە وڵاتانی لوبنان، سعوودیە، یەمەن و سووریا لەو شارە دەژین. هاوکات پزیشک و ئەندازیاری کورد و عەرەبی لێیە و توانیویانە لە بوارەکانیاندا سەرکەوتووبن".

ئومێد حەمەعەلی روونیکردەوە، "لە ساڵی 1997ـەوە من لە نوێنەرایەتیی پارتی لە ویلایەتی میشیگن کاردەکەم و لە ساڵی 2000 پۆستی بەرپرسی نوێنەرایەتییەکەم پێ دراوە. پێش رووخانی رژێم ئێمە کارمان لەسەر گەیاندنی دەنگی گەلی کورد و کۆکردنەوەی پشتیوانی ئەمەریکا بۆ باشووری کوردستان و ناساندنی دۆزی کورد بە ئەمەریکا و جیهان دەکرد. ئەو کات پرسی کورد لەنێو عێراقدا گەماروودرابوو".

نوێنەرەکەی پارتی باسی لەوەش کرد، پەیوەندییەکی زۆرباش و بەردەوامیان لەگەڵ هەردوو ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکا کە نوێنەرایەتی خەڵکی ویلایەتی میشیگەن دەکەن، هەیە و بێجگە لەوەش بەردەوم لە پەیوەندیدان لەگەڵ بەرپرس و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ویلایەتەکە و دەڵێت، "بەرپرسانی ئەمەریکا پشتگیری خۆیان بۆ هەرێمی کوردستان دووپاتدەکەنەوە و دەیانەوێت لە هەموو روویەکەوە پەرە بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بدەن".

پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان

ئومێد حەمەعەلی باس لەوە دەکات، پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، پەیوەندییەکی هەمەجۆرە و ئەو وڵاتە پشتگیرییەکی تەواوی ‌هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان دەکات و دەیەوێت پەیوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان فراوانتر بکات و ئەوان وەکو نوێنەرایەتیی پارتی لە ویلایەتی میشیگەن، بەردەوام دەبن لە هەوڵەکانیان بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی هەولێر و واشنتن لە بوارە جیاوازەکاندا.  

ئەو بەرپرسەی پارتی دەشڵێت: "ئەمەریکا وەکو دۆست و لایەنگر و هاوپەیمان تەماشای سەرکردایەتیی سیاسیی ئێستای هەرێمی کوردستان دەکات و دەیەوێت لەگەڵ هەولێر پەیوەندیی ستراتیژیی هەبێت و، لە کۆبوونەوەکانیدا هەمیشە جەخت دەکاتەوە کە گرنگە پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا ئاسایی بێت، چونکە ئەمەریکا پێی وایە هەرچەندی ئەم پەیوەندییە بەهێز بێت، لە بەرژەوەندیی ئەمەریکادا دەبێت".

"ئەمەریکا دەیەوێت بە زووترین کات هەناردەکردنی نەوتی کوردستان دەستپێبکاتەوە"

لە 25ـی ئاداری ئەمساڵەوە، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە وەستاوە و بەهۆیەوە بە نزیکەی شەش ملیار دۆلار زیانی دارایی بەر حکومەتی عێراق گەیشتووە. هەرچەندە گفتوگۆکان لە نێوان هەردوو حکومەتی تورکیا و عێراق بە مەبەستی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان بەردەوامن، بەڵام تا ئێستا هەردوو لایەن بۆ ئەو مەبەستە نەگەیشتوونەتە رێککەوتن.

بە گوتەی نوێنەری پارتی لە ویلایەتی میشیگەنی ئەمەریکا، "پرسی نەوتی هەرێمی کوردستان، حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکای لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی و تورکیا خستووەتە سەرهێڵ و واشنتن دەیەوێت ئەو پرسە بە خێرایی چارەسەر بکرێت و دەست بە هەناردەکردنی نەوتی کوردستان بکرێتەوە، چونکە ئەمەریکا دەیەوێت هەرێمی کوردستان ببێتە هەرێمێکی بەهێز و سەرکەوتوو لە ناوچەکە".

پاڵپشتی ئەمەریکا لە پڕۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە

ئومێد حەمەعەلی ئاماژە بەوە دەدات، "ئەمەریکا وەک هێزێکی سەرەکی هاوپەیمانان رۆڵێکی کاریگەری هەبووە لە یارمەتیدانی هێزەکانی پێشمەرگە لە شەری دژی داعش. بە درێژایی شەڕی داعش چەندین جار وەزیرانی بەرگریی و دەرەوەی ئەمەریکا و جێگری سەرۆکی ئەو وڵاتە سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە و چاویان بە سەرۆک بارزانی و سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کەوتووە. بەرپرسانی ئەمەریکا چەندین جار دووپاتیانکردووەتەوە، کە بەردەوام دەبن لە هاوکاریکردنی هێزەکانی پێشمەرگە، هەرچەندە کەمێک نیگەرانن لە هێواش بەڕێوەچوونی پڕۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە".

هەر لەبارەی هەڵوێستی ئەمەریکا لەبارەی ئەنجامدانی ریفۆرم لەنێو هێزەکانی پێشمەرگەدا، ئەو بەرپرسەی پارتی ئەوەی خستەڕوو، "بەرپرسانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پەرۆشی ئەوەن کە ئەم پڕۆسەی ریفۆرمە لە وەزارەتی پێشمەرگە بە سەرکەوتویی کۆتایی پێبێت، بەڵام ئەوان لە هەمان کاتدا رەچاوی بارودۆخی هەرێمی کوردستانیش دەکەن لەو کۆسپ و ئالنگارییانەی کە بەردەوام دێنە پێشیەوە".

"ئەمەریکا پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان نەتەوە و پێکهاتە جیاوازەکان لە کوردستان بەرز دەنرخێنێت"

ئومێد حەمەعەلی لەبارەی ئەو پێکەوەژیانە ئاشتییەی لە هەرێمی کوردستان لەنێوان پێکهاتە و نەتەوە جیاوازەکاندا هەیە، دەڵێت: "پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان لە هەرێمی کوردستان، یەکێکی دیکەیە لەو بنەما هاوبەشانەی نێوان ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان هەیە، ئەمریکا لە سەر زاری گەورە بەرپرسانییەوە چەندینجار ستایشی حکومەتی هەرێمی کوردستان و گەلی کوردیان کردووە، کە لە کاتی هێرشەکانی داعشدا ژمارەیەکی زۆر لە ئاوارە و کۆچبەری شارە جیاوازەکانی عێراق و سووریای لە خۆگرتووە، لە نێویاندا کریستیان، ئێزدی، تورکمان و عەرەب و تەواوی پێکهاتەکانی دیکەش هەبوون. ئەمەریکا پێیوایە هەرێمی کوردستان لە ماوەی ئەم 32 ساڵەی رابردوودا، نموونەیەکی ئەرێنیی گیانی یەکترقبوڵکردن و پێکەوەژیانی ئاشتیانە بووە لە گشت ناوچەکەدا".

روونیشیکردەوە، "لە کۆبوونەوەکانماندا لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکا، ئەوان دەڵێن، شانازی دەکەین بە هاوبەشیی گرنگمان لەگەڵ خەڵک و حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەماهەنگییمان لەسەر چاکسازییە سیاسی و ئابورییەکان کە دەبنە مایەی پێشخستنی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ و گەشەسەندنی ئابووری و سەروەری یاسا". گوتیشی، "ویلایە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە خۆشحاڵییەوە دەڕوانێتە هەماهەنگیی بەردەوام کە دەبێتە هۆی پتەوکردنی ئاشایش و گەشەسەندن و خۆڕاگری هەرێم لە چوارچێوەی عێراقێکی فیدراڵدا".

ئاماژەی بەوەش کرد، "ئێمە وەکو نوێنەرایەتیی پارتی لە ویلایەتی میشیگەنی ئەمەریکا بەردەوام لەگەڵ کلدانییەکانی عێراق کە لەو ویلایەتە نیشتەجێن، لە پەیوەندیداین. ساڵانە دەیان هەزار کلدانی بە مەبەستی گەشتوگۆزار روو لە شارە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن، ساڵانە ئەم ژمارەیە زۆرتر دەبێت. هێندەی سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن، هێندە سەردانی عێراق ناکەن، چونکە لە هەرێمی کوردستان ئاسایش و سەقامگیری هەیە و حکومەت رێز لە پێکهاتە و نەتەوە جیاوازەکان دەگرێت، بەڵام لە عێراق ئەو چەندە نییە".

بە گوتەی ئەو بەرپرسەی پارتی، "نەبوونی سەقامگیری و ئاسایش لە عێراق، ترسی ئەوەی لای کلدانییەکانی دانیشتووی شاری دیترۆیتی ویلایەتی میشیگەن دروست کردوون، ئەو رێژە کەمەش لە کلدانییەکانی عێراق کە لەو وڵاتەدا ماون، ئەوانیش عێراق جێبهێڵن".

پەیوەندییە ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا

رۆژی 1ـی ئایاری 2023، شاندێکی هەرێمی کوردستان کە پێکهاتبوون لە د. محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، د. عەلی تەتەر، پارێزگای دهۆک و ژمارەیەک ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، بانگهێشتی رێوڕەسمی 20 ساڵەی دامەزراندنی ژووری بازرگانیی کلدانی-ئەمەریکی لە شاری دیترۆیتی ویلایەتی میشیگنی ئەمەریکا کران، لەو سەردانەدا گفتۆگۆيان لەبارەی وەبەرهێنانی ژوورە بازرگانییەکە لە هەرێمی کوردستان کرد.

لەوبارەوە ئومێد حەمە عەلی ئاماژەی بەوە کرد، شاندی هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆکانیان لەگەڵ ئەندامانی ژووری بازرگانیی کلدانی - ئەمریکی داوایان لێکردوون لە تەواوی کەرتە ئابوورییەکان وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستاندا بکەن، لەم رووەشەوە ئامادەی هەموو ئاسانکارییەکن.

ئەوەشی خستەڕوو: "شاری دیترۆیت شوێنی نیشتەجێبوونی گەورەترین رەوەندی کلدانیانی عێراقە، کە ژمارەیان نزیکەی 200 هەزار کەسە و خاوەن 25 هەزار جۆر بازرگانین. ژووری بازرگانی کلدانی – ئەمریکی، خاوەنی سەرمایەیەکی 11 ملیار دۆلارییە، ئەندامەکانی ئاماده‌ییان ده‌ربڕیوه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان وەبەرهێنان بكه‌ن".

گوتیشی، رەوەندی کلدانییەکانی عێراق لەو ویلایەتە، بە 11 ملیار دۆلار بەشدارن لە ژێرخانی ئابووری مشیگن و دەیانەوێت لە کوردستان کار بکەن و وەبەرهێنان ئەنجام بدەن، لە هەولێر و عەنکاوەش و هاوکات لە دەشتی نەینەوا بۆ پاڵشتیکردن لە خەڵکەکەیان.

لە کۆی قەبارەی 68 ملیار دۆلار پڕۆژەی مۆڵەت پێدراو لە هەرێمی کوردستان 15%یان پڕۆژەی هاوبەش و بیانیین. دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، دەرگەیان بەرەو وەبەرهێنانی بیانی کراوەیە و هەموو ئاسانکارییەکیش بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی دەکەن، بۆ ئەوەی سەرمایەکانیان وەگەڕبخەن.

ئومێد حەمە عەلی دەشڵێت، ئەندامانی ژووری بازرگانیی کلدانی – ئەمریکی دەزانن کە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری داوە دەرگاکانی هەرێمی کوردستان کراوەبن بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی و ناوچەکە و ئێمە وەکو نوێنەرایەتیی پارتی لەو ویلایەتە بەردەوام پێیان رادەگەیەنین کە لە هەموو بوارەکاندا ئاسانکاری تەواویان بۆ دەکەین، بۆ ئەوەی بێن لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکەن.

وەکو ئەوەی ئومێد حەمە عەلی باسی دەکات، لە دوای جەنگی جیهانی یەکەمەوە، ژمارەی کریستیانەکانی ولایەتی میشیگن، بەردەوام لە زیادبووندایە. کریستیانەکانی دیترۆیت دەڵێن ئەو هەڕەشانەی کە لەسەر ژیانی ئەوان هەیە لە وڵاتانی خۆیان و لە عێراق وایکردووە کە ژمارەیان لێرە زیاتر و زیاتر بێت. ئێستاش هیواخوازن کە هاتنی پاپا، ئاشتی و سەلامەتی بێنێت بۆ عێراق و پێکەوە ژیان لە نێوان ئایینەکاندا دروست بکات، تا ئەوانی دیکە کە لەوێ ماون ناچار نەبن روو لەدەرەوە بکەن.

لەبارەی هەناردەکردنی بەرهەمە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ویلایەتە جیاوازەکانی ئەمەریکا، نوێنەرەکەی پارتی ئەوەی خستەڕوو، چەندین جار قسەیان لەگەڵ ژووری بازرگانی کلدانی-ئەمەریکی کردووە و ئەوان ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە پێشوازی لە بەرهەمە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان بکەن و لە بازاڕەکاندا ساخیان بکەنەوە و بۆ ئەو مەبەستە چاوەڕێی حکومەتی هەرێمی کوردستانن.

بە گوتەی ئومێد حەمە عەلی، عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە سەردانەکەی مانگی ئایاری ئەمساڵەیدا بۆ شاری دیترۆیتی ئەمەریکا، لەگەڵ پارێزگار، سەرۆک شارەوانی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئەو شارە کۆبووەوە و چەندین جار ویستی خۆیان بۆ "دەستخۆشکبوونی هۆک و دیترۆیت" دەربڕیوە بۆ ئەوەی لە رووی ئابووری، سیاسی و بوارەکانی دیکەدا هەردوو شار بچنە قۆناغێکی نوێی پەیوەندیییەکانەوە.

پەیوەندییەکانی هەولێر و واشنتن لە سەردەمی ئۆبامادا

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئومێد حەمە عەلی گوتی: " پەیوەندییەکانی نێوان باشووری کوردستان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە سەردەمی ئیدارەی باراک ئۆباما بەرەوپێشچوونی لە زۆربەی بوارەکاندا  بەخۆیەوە بینی، بەجۆرێک لە کاتی نزیکبوونەوەی داعش لە هەولێر، باراک ئۆباما بڕیاریدا لەڕێگەی فڕۆکە جەنگییەکانی وڵاتەکەیەوە، هێرشبکرێتە سەر داعش. ئەو هەنگاوە خێرایەی ئۆباما بۆ پاراستنی هەولێر لە کاتێکدابوو، لە چەندین شاری دیکەی عێراق و سووریاوە، داعش لە پێشرەویدابوو، بەڵام ئۆباما هەڵویستی لەو جۆرەی نەبوو."

ئاماژەی بەوەش کرد: "لە هەردوو خولی سەرۆکایەتی باراک ئۆبامادا، چەندین ئەندام لە ئیدارەکەی بە دۆستی کورد ناسراون و، پەیوەندی باشیان لەگەڵ سەرکردەکانی باشووری کوردستان هەبووە و، چەندین جاریش سەردانی هەولێریان کردووە. هەروەها لە بواری سەربازیشەوە ئەمریکا هاوکاری زۆری هێزی پێشمەرگەی کوردستانی کردووە، چەک و تەقەمەنی بۆ ناردووە، تەنانەت لە کۆنگرێسی ئەمریکادا بڕیاردرا هاوکاری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکرێت و، بڕێک پارە بۆ مووچە و پێداویستییەکانی هێزی پێشمەرگە تەرخانکرا."

ئەو بەرپرسەی پارتی باس لەوەش دەکات، لەوکاتەدا پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و واشنتن هەر لە بواری سیاسی و سەربازیدا نەبووە، بەڵکو لە بواری ئابوورییشەوە بەرەو پێشچوونی باشی بەخۆیەوە بینی، بە جۆرێک کۆمپانیا زەبەلاحەکانی نەوتی ئەمەریکا، چاویان لە کەرتی وەبەرهێنان کرد لە ناوچە جیاوازکانی باشووری کوردستان و، گوێیان بە گوشارەکانی بەغدا نەدا و دەستیانکرد بە وەبەرهێنان.