تەندروستی فەڵەستین: سبەی سووتەمەنی پێویست بۆ مۆلیدەی نەخۆشخانەکانی غەززە نامێنێت
K24 - هەولێر
وەزیری تەندروستی فەڵەستین هۆشداری دا کە کۆگاکانی سووتەمەنی پێویست بۆ کارپێکردنی مۆلیدەکانی کارەبا لە نەخۆشخانەکانی کەرتی غەززە سبەینێ تەواو دەبێت و نامێنێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزیری تەندروستی فەڵەستین، مای سالم ئەلکایلا، لە لێدوانەکانیدا بۆ رادیۆی دەنگی فەلەستین رایگەیاند، سبەینێ کۆگاکانی سووتەمەنی بۆ کارپێکردنی مۆلیدەکان تەواو دەبێت، گوتیشی: ئەم بابەتە ئەو بارودۆخە خراپتر دەکات و کارەسات لە نەخۆشخانەکاندا روودەدات، بە تایبەتی دوای پچڕانی کارەبا لە ماوەی رۆژانی رابردوودا لەلایەن ئیسرائیلەوە.
لای خۆیەوە، سەرۆکی دەستەی وزە، زافر مەلحم، راگەیاند، ئەو سووتەمەنیەی کە لە کۆمپانیای کارەبای غەززە ماوەتەوە تاکە وێستگەیە کە کارەبا دابین دەکات، تەنها بەشی 10 بۆ 12 کاتژمێر دەکات.
ئیسرائیل رۆژی دووشەممە، کارەبای کەرتی غەززەی پچڕاند، ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو شەڕەی کە ئێستا لەنێوان هەردوولادا هەیە.
بەرەبەیانی رۆژی شەممەی رابردوو، بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر ئیسرائیل و پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی شارەکانی ئەو وڵاتە کرد، لە بەرامبەردا ئیسرائیل بەچڕی بۆردوومانی کەرتی غەززەی کردو ماوەی پینج رۆژە شەڕ و پێکدادانەکان بەردەوامە.