ئەو ژنە بەتەمەنەی هەفتەی رابردوو ژمارەی پێوانەیی تۆمارکرد گیانی لەدەستدا
K24 - هەولێر
بەگوێرەی هەواڵێکی کەناڵی سی ئێن ئێن، دۆرۆتی هۆفنەر، ژنە تەمەن 104 ساڵەکەی شیکاگۆی ئەمەریکا، کە هەفتەی رابردوو توانی وەک بەتەمەنترین کەس بە پەرەشوت خۆی لە فڕۆکە هەڵبداتە خوارەوە، کۆچی دوایی کرد.
جۆ کۆنانت، هاوڕێی نزیکی هۆفنەر بە میدیاکانی گوت: بەیانی رۆژی دووشەممە، دۆرۆتی هۆفنەر لەلایەن ستافی کۆمەڵگەی ژیانی بەساڵاچووانی بروکدەیل لەیک ڤیۆوە بە مردوویی دۆزرایەوە. ئاماژەی بەوەشکردووە، وادیارە هۆفنەر شەوی یەکشەممە لە خەودا گیانی لەدەستداوە.
کۆنانت کە پەرستارێکە و دەڵێت: چەند ساڵێک لەمەوبەر هۆفنەری ناسیوە، کە لەسەر داوای داپیرەی خۆی پەیوەندی پێوەکردووە، گوتیشی: وزەیەکی سەرسوڕهێنەری هەبووە و لە رووی دەروونییەوە وریابووە.
لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەشکرد: "ئەو ژنە ماندوێتی نەدەزانی، هەمیشە چالاک بووە، ئەو یەکێک نەبوو لەو کەسانەی کە نیوەڕۆیان خەوی لێبکەوێت، یان لە هەر بۆنەیەک، ژەمێکی ئێوارە، یان هەر شتێکی تر بێبەش بێت، هەمیشە ئامادە بوو بە درێژایی کات دەجووڵایەوە"
لە 1ـی تشرینی یەکەمدا هۆفنەر بە پەرەشوت خۆی لە فڕۆکەدا هەڵدایە خوارەوە کە پێی دەڵێن(Skaydiving)، بەمەش ژمارەی پێوانەیی شکاند وەک بەتەمەنترین کەس کە ئەو وەرزشەی ئەنجامدابێت.
دۆرۆتی هۆفنەری تەمەن 104 ساڵ، لە بەرزی 13500 پێ کە دەکاتە 4100 مەتر، لە شیکاگۆ خۆی لە فڕۆکە هەڵدایە خوارەوە. هۆفنەر چەند ساتێک دوای نیشتنەوەی بۆ سەر زەوی، بە هەوادارەکانی گوت: "تەمەن تەنها ژمارەیە".
بەگوێرەی سی ئێن ئێن، ئەمە یەکەمجار نەبووە هۆفنەر لە فڕۆکەوە خۆی هەڵبداتە خوارەوە، پێشتریش لە تەمەنی 100 ساڵیدا ئەو کارەی کردووە.
کەناڵی سی ئێن ئێن روونی کردەوە، کە ژمارەی پێوانەیی ئێستا لەلایەن ژنێکی سویدی تەمەن 103 ساڵ، تۆمارکراوە کە لەمانگی ئایاری ساڵی 2022 دا ئەو کارەی ئەنجامی داوە.