گوتەبێژی یەکێتی: پێویستە لایەنە سیاسییەکان پشتیوانی لە شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەن

سەعدی ئەحمەد پیرە
سەعدی ئەحمەد پیرە

K24 - هەولێر:

گوتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەڵێت شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەچێتە بەغدا و پێویستە سەرجەم لایەنەکانیش پشتیوانی لە شاندەکەی حکومەت بکەن.

سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە 11ـی ئۆکتۆبەر لە لێدوانێکیدا لە دیداری مێری 2023 رایگەیاند، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەچێتە بەغدا و پێویستە لایەنە سیاسییەکانیش لە پەرلەمان و حکومەت پشتیوانی لە شاندەکەی حکومەت بکەن.

لەبارەی سەردانی یەکێتی بۆ لای لایەنەکان، سەعدی ئەحمەد پیرە ئاشکرایکرد، لە رۆژانی ئایندە شاندی یەکێتی نیشتمانی کوردستان سەردانی لایەنەکان دەکات.

لە دوایین سەردانی شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان کە بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و بە یاوەری قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران رۆژی 14ـی ئەیلوول چوونە بەغدا و لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان و ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق سەبارەت بە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە.

چەند رۆژێک دوای سەردانی شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە 17ـی ئەیلوول، نووسینگه‌ی محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، ‌له‌پێناو ده‌سته‌به‌ركردنی پاره‌ی پێویست بۆ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و دابینكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران، له‌ دانیشتنی رۆژی 17ـی ئه‌یلوولی 2023، بڕیاردرا قه‌رزێك به‌ بڕی دوو تریلیۆن و 100 ملیار دینار بۆ مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان به‌ سێ قۆناغ، هه‌ر قۆناغێك 700 ملیار دینار دابین بكرێت.