دڵشاد شەهاب: هیچ گومانێک بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نییە
K24 – هەولێر:
گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، هیچ گومانێك بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەئارادا نییە.
ئەمڕۆ چوارشەممە (11ـی تشرینی یەکەمی 2023) دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بە ئەرکی خۆی هەستاوە بە گفتوگۆکردن لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان، دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە راوێژ بووە لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقیش ئامادەکارییەکانی خۆی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستپێکردووە.
گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەشڵێت: هیچ لایەنێك بۆی نییە دەستوەردان لە کاروباری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بکات و جەختیش دەکاتەوە، هیچ گومانێك بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ئارادا نییە.
دڵشاد شەهاب، راشیگەیاند، ئێستا هەر پرسیارێک لەسەر هەڵبژاردن هەبێت، دەبێت رووبەڕووی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بکرێتەوە، چونکە ئەوەی لەسەر سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بووە دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بووە.
رۆژی پێنجشەممە (3ـی ئابی 2023)، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مەرسوومێکدا رۆژی (25ـی شوباتی 2024) وەک رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکردووە و سەرجەم لایەنەکانی راسپاردووە بۆ ئەنجامدانی رێکارە پێویستەکان.
دڵشاد شەهاب ئاماژەی بەوەشکرد، دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆدەنگی لایەنە سیاسییەکانی لەسەرە و بە راوێژ لەگەڵ هەموو لایەنەکان، رێککەوتوون لەسەر دیاریکردنی ئەو رۆژە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
لەبارەی کۆتاییهاتنی ماوەی یاسایی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، دڵشاد شەهاب، لە وەڵامی نەورەس عەبدوڵڵا، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، ئەوان دڵنیاییان وەرگرتووە لەوەی کە ماوەی کارکردنی یاسایی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان درێژدەکرێتەوە کە لە (7ـی کانوونی دووەمی 2024) کۆتاییدێت، بەڵام بەپێی یاسای هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ تەواوکردنی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە راگەیاندنی ئەنجامەکانەوە تا پەسەندکردنی دانانی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کە هەندێک لە رێکارەکان پێویستی بە 90 رۆژە.