جۆو بایدن هانی ئیسرائیل دەدات بەپێی یاساکانی جەنگ مامەڵە بکەن

جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا و ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا
جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا و ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا

K24 - هەولێر:

جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا سەبارەت بە کاردانەوەی ئیسرائیل دوای هێرشەکانی باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماس، رایگەیاند، لەگەڵ ئەوەی ئسرائیلییەکان توڕە و نیگەرانن بەڵام پێویستە کە بەپێی یاساکانی جەنگ مامەڵە بکەن.

بادین گوتیشی: ئێمە هاوکارییە سەربازییەکانمان بۆ سوپا و هێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیل زیادکردووە، لەناویشیاندا فیشەک و ئامێری بەهێزکەرەوەی سیستەمی بەرگری کڵاوەی ئاسنین.

سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەشدا، کەشتییەکی فڕۆکەهەڵگریان رەوانەی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست کردووە و چەک و فڕۆکەی جەنگی زیاتر رەوانەی ناوچەکە دەکەن.

سەبارەت بە هۆشداریدان بە ئێران، جۆو بایدن دەڵێت: ئێمە پێشتر روونمان کردەوە و ئێستاش بۆ ئێرانییەکانی رووندەکەینەوە و پێیاندەڵێین "وریابن".

هاوکات بڕیارە ئەمڕۆ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بگاتە ئیسرائیل و لەگەڵ سەرۆکوەزیران و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە کۆبێتەوە.

سەردانەکەی بلینکن بۆ ئیسرائیل بۆ نیشاندانی هاوسۆزی و پشتیوانی ئەمریکایە بۆ حکومەتەکەی ناتانیاهۆ لە رووبەڕووبوونەوەی چەکدارانی حەماس و گروپە فەڵەستینییەکانی دیکە.

هەر لەبارەی هاوکاریە سەربازییەکانی ئەمەریکا بۆ هاوپەیمانەکانی، جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی کۆشکی سپی رایگەیاند، پاکێجێکی نوێی هاوکاری سەربازی بۆ ئۆکرانیا رادەگەیەنن کە لە گوللـەی هایمارس و سیستەمی چاودێری و مووشەک و 16 ملیۆن فیشەک پێکهاتووە.

راشیگەیاند، زۆر گرنگە لەم کاتەدا کۆنگرێس پابەندی دابینکردنی پارە بێت بۆ هاوکاریکردنی ئۆکرانیا.