کەنعان خەیلانی: بڕیاری دادگای فیدراڵی لەبارەی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان سیاسییە
K24 - هەولێر:
کەنعان خەیلانی، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر بڕیاری دادگای فیدراڵی لەبارەی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانەوە بە بڕیارێکی سیاسی دەبینێت و دەڵێت: داوامانکردووە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێت.
دادگای فیدراڵی درێژکردنەوەی ماوەی ئەنجومەنی پارێزگاکانی بە نادەستووری داناوە، لەوبارەیەوە کەنعان خەیلانی بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر بەردەوامە لە کارەکانی، و چاوەڕوانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دەکەن بۆئەوەی بزانن چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو بابەتە بکەن.
وەک سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر ئاماژەی پێدا، لە دەستووری عێراقی، دوو جۆر لە پارێزگا هەیە، یەکیان ئەو پارێزگایەنانەن کە نەبەستراونەتەوە بە هەرێمەوە، کە ئەمانە لە نێو دەستوور شێوازی کارکردن و رێکارە کارگێڕییەکانیان بۆ دیاریکراوە، ئەوی دیکە پارێزگاکانی نێو هەرێمی کوردستانن، کە ئەمەیان شێوازی ئیدارەدان و رێکارە کارگێڕییەکانی دراوەتە دەست حکومەتی هەرێمی کوردستان.
راشیگەیاند، بڕیاری دادگای فیدراڵی لەبارەی ئەنجومەنی پارێزگاکان سیاسییە و گوتیشی: پەرلەمانی کوردستان دەتوانێت هەموواری هەموو یاساکانی بکاتەوە.
کەنعان خەیلانی باسی لەوەشکرد، بەپێی ماددەی 38 لە یاسای ژمارە 3ـی ساڵی 2009 لە پەرلەمانی کوردستان، لە دەسەڵاتی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دایە رۆژێک بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دیاری بکەن.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، داوامانکردووە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێت، بەڵام کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بڕیار لەسەر ئەمە دەدات، بۆیە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردنی پارێزگاکان، دەبێت راوێژ بە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بکات.